پەرەگراف- حکومەتی هەرێم دوای ماوەیەک ڕاوەستانی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی کۆبووەوەو بڕیاریدا خۆی ئامادەبکات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی داهاتووی عێراق لەبارەی یاسای بودجەو لەو چوارچێوەیەدا داوای ٧ مووچەی سێ ساڵی ڕابردوو دەکات.
هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ی ٢٠٢٥ی دابەش نەکردووە، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەت بە ڕۆژنامەنووسانی وت "تەنها مووچەی ئەو دوو مانگە نییە، بەغداد لە سێ ساڵی ڕابردوودا ٧ مووچەی هەرێی کوردستانی بە غەدر خواردووە".
وتەبێژەکەی حکومەتی هەرێم جەختی کردەوە کە ئەو پرسە دەبێتە بەشێک لە وەرەقەی گفتوگۆی هەرێم و عێراق لەسەر یاسای بودجە، وتیشی "دەستی لێ هەڵناگرین و داوای هەر ٧ مووچەکە دەکەین".
هەروەها حکومەتی هەرێم داوا دەکات پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بۆ لەسەدا 14 زیاد بکرێت، ئەوەش بە پشتبەستن بە دواین سەرژمێریی دانیشتوانی عێراق.