سەرۆک باندێکی مافیای مەترسیداری جیهانیی سەربە تۆڕی فۆکسترۆت لە سلێمانی دەستگیر کرا

14-01-2026 11:03

پەرەگراف- دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکردنی سەرۆک باندێکی مافیای مەترسیداری جیهانیی لە سلێمانی ڕاگەیاند کە سەربە تۆڕی فۆکسترۆتە. 

دەزگای ئاسایش ڕایگەیاند "بەپشت بەستن بەزانیاریی ورد و بەدواداچوون لەناوەوە و دەرەوەی وڵات، بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە ئۆپراسیۆنێكی هاوبەشی دەزگای ئاسایشی هەرێم و دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق، سەركردەی باندێکی تاوانكاری دەستگیركرا، کە فەرمانی دەستگیركردنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەبووە و سەر بەتۆڕی (فۆكستڕۆت)ی تاوانکارییە".

"ئەم باندە مەترسیدارە نێودەوڵەتییە چەندین تاوانیان لە چەندین وڵاتدا ئەنجامداوە، ئۆپراسیۆنەكە لەیەك كاتداو لەچەند پارێزگایەك ئەنجامدرا، گرووپە تاوانكارییەكە پلانی هەبووە خاكی عێراق بۆ كردە تاوانكارییەكانیان بەكاربهێنن" دەزگای ئاسایشی هەرێم وادەڵێت.