بارزانى: بە ئەحمەد شەرعم وت قابیلى قبووڵ نییە تەعەدا لە کورد بکرێت

23-01-2026 02:44

پەرەگراف - مەسعوود بارزانى جەخت دەکاتەوە کە "نابێت ڕووداوەکانى سووریا ببێت بە شەڕى دوو نەوتەوەى کورد و عەرەب". هەر پێشهاتێکى لەو شێوەیەش بە " کارەسات" ناو دەبات.

بارزانى کە بە سەردانێک لە ئیتاڵیایە، لەبارەى دۆخى ڕۆژئاواى کوردستانەوە بۆ میدیاکان دوا و وتى "هەر کە شەڕ لە حەلەب دەستى پێ کرد، پەیامێکم بە دۆستێکى عەرەبدا بۆ ئەحمەد شەرع نارد. پێم وت: شەڕى نێوان دوو هێزى سیاسى دەبێت چارەسەر بکرێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک قابیلى قبووڵ نییە تەعەدا لە کورد بکرێت".

سەرۆکى پارتى دیموکرات لەگەڵ ئەوەى جەخت دەکاتەوە کە "من هیچ کاتێک بڕوام بە شەڕ نەبووە و نامانەوێت بگاتە ئەوە"، بەڵام هۆشداریى دا کە "ئەگەر دۆخەکە بگاتە ئەوەى تەعەدا لە کورد بکرێت، ئەو کاتە ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەین".

سەبارەت بە دۆخى کۆبانێ کە لەژێر گەمارۆدایە، مەسعود بارزانى وتى "هەرچى پێم بکرێت، دەیکەم".
"ئەو دەرفەتەى ٢٠١٤ هەبووایە، هێزم بۆ کۆبانێ دەنارد. کۆبانێ لە چوارچێوەى ناوچە کوردییەکاندایە و ڕێککەوتن کراوە کە دەستى لێ نەدرێت"، بارزانى وا دەڵێت.

هەروەها بارزانى، داعشى بە مەترسیى بەردەوام ناو برد و وتى "ئەم وەزعەى سووریا دەرفەتێکى زێڕینى بۆ داعش ڕەخساندووە. ژمارەیەکى زۆر زیندانیکراوى داعش هەڵاتوون، هێشتا دیار نییە ژمارەیان چەندە".