پەرەگراف - مەزڵووم عەبدی كۆبوونەوەكەی هەولێر لەگەڵ تۆم باراك بە "بنیاتەر و بەرهەمدار" وەسف دەكات، جەختیش دەكاتەوە كە ئامانجیان "تێكەڵاوبوونێكی ڕاستەقینە"ـی هێزەكانی سووریای دیموكراتە لەگەڵ سوپای سووریا.
کۆبوونەوەى دوێنێ ٢٣-٠١-٢٠٢٦، دووەم کۆبوونەوەى نێوان عەبدى و باراک بوو لە هەولێر. کۆبوونەوەى پێشوو بە ئامادەیى مەسعود بارزانى و مەسروور بارزانى و ژمارەیەک بەرپرسى دیکە بەڕێوەچوو.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی ئێكس دەڵێت "دیدارێكی بنیاتنەر و بەرهەمدارمان لەگەڵ تۆم باراك، نوێنەری ئەمریكا و ئەدمیراڵ براد كووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دا".
مەزڵووم عەبدی دەشڵێت "پشتیوانیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و سیاسەتی سەرۆك ترەمپ بۆ پرۆسەی ئاگربەست، سەرباری هەوڵەكانی باڵیۆز باراك بۆ گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەنێوان ئێمە و حكومەتی سووریا، بابەتێكی جددی و گرنگە و لەلایەن ئێمەوە پێشوازیی لێ دەكرێت".
فەرمادەی گشتیی هەسەدە جەخت دەكاتەوە كە "ئێمە بە هەموو توانایەكمانەوە و بەشێوەیەكی جددی، كار دەكەین بۆ بەدیهێنانی تێكەڵاوبوونێكی ڕاستەقینە و پاراستنی ئاگربەستی ئێستا".
هەر لەبارەى کۆبوونەوەکە، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، ڕایگەیاند کە واشنتۆن جەختی لەسەر "پشتیوانیی بەهێزی" خۆی کردووەتەوە بۆ پرۆسەی یەکگرتنەوە کە لە ڕێککەوتنامەی ١٨ی کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریادا هاتووە. ئەمەش دوای کۆبوونەوەیەک هات کە ئەمڕۆ لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە هەولێر ئەنجامدرا.
تۆم باراک لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی "شەرەفمەندبووم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد کۆبووینەوە."
باراک جەختی لەوە کردەوە کە هەموو لایەنەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی هەنگاوی یەکەمی سەرەکی بریتییە لە پابەندبوونی تەواو بە ئاگربەستی ئێستا، لە هەمان کاتدا بە هاوبەشی دیاریکردن و جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی دروستکردنی متمانە بە ئامانجی بەدیهێنانی "سەقامگیرییەکی بەردەوام".