ئاوارەکانى ڕۆژئاوا لە دۆخێکى سەختدان؛ 'هەندێكمان نەگەیشتنە قامیشلۆ، تەقەیان لێ كرا و تەرمەكانیان فڕێدرایە ڕووبارەوە'
پەرەگراف - تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی (CPT)ـی ئەمریكی لە ڕۆژئاوای كوردستانە بۆ تۆماركردنی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ. ڕێكخراوەكە ڕایدەگەیەنێت كە سەدان خێزان بۆ قامیشلۆ ئاوارە بوون و هیچ پێداویستییەكی خۆراك و ئاو و تەندروستییان لەبەردەستدا نییە و داوای هاوكاریی بەپەلە دەكات. دەشڵێت "ئەندامانی دەیان خێزان لەلایەن گرووپەكانی دیمەشقەوە كوژراون و تەرمەكانیان هەڵدراوەتە ناو ڕووبار. دەستدرێژیی كراوەتە سەر ژنان و فڕێ دراون".
كامەران عوسمان، نوێنەری تیمی كوردستانی عێراقی (سی پی تی)، لە شاری قامیشلۆ چاوی كەوتووە بە 83 خێزان كە بەهۆی هێرشەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی حكومەتی سووریا لە ڕەققە، تەبقا، حەلەب، حەسەكە و كۆبانێ هەڵاتوون.
كامەران عوسمان دەڵێت "لە ئێستادا زیاتر لە 1200 خێزانی ئاوارە لە مزگەوت و قوتابخانەكانی قامیشلۆ نیشتەجێن. ئەم خێزانانە دەستیان بە خۆراكی پێویست، بەتانی، دۆشەك، ئاوی پاك، دەرمان، شوێنی خۆشۆردن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی دیكە ڕاناگات".
شەوانە خێزانەكان، بەتایبەتی منداڵان، بەدەست سەرمایەكی تاقەتپڕووكێنەوە دەناڵێنن، چونكە پلەكانی گەرما بۆ دوو پلەی ژێر سفر دادەبەزن و هیچ ئامێرێكی گەرمكەرەوەیان نییە.
هەندێك لە خێزانەكان بە نوێنەرەكەی (سی پی تی)یان ڕاگەیاندووە "هەندێك لە خزمەكانمان نەیانتوانی بگەنە قامیشلۆ، چونكە لە ڕێگا تەقەیان لێ كرا و تەرمەكانیان فڕێدرایە ناو ڕووبارەكەوە. زیاتر لە ١١٠ كەسی سڤیل دوای هەوڵدان بۆ چۆڵكردنی ناوچەكانیان، بێسەروشوێنن".
"كۆمەڵێك خێزانی كورد و عەلەوی لە تەبقاوە ویستوویانە بچن بۆ قامیشلۆ، لە ڕێگاكەدا هێزێك داویەتی بەسەریاندا، تەقەی لێ كردوون و ئەندامانی 40 خێزانی خستووەتە ناو ڕووبارەوە، خێزانەكانی دیكە هەڵاتوون"، كامەران عوسمان وا دەڵێت.
ئەو خێزانە ئاوارانە كە لە ترسێكی زۆردا دەژین، دەشڵێن "لێرە هەست بە ئاسایش ناكەین. دەترسین هێرشەكانی حكومەتی سووریا بگەنە قامیشلۆ و كۆمەڵكوژ بكرێین".
هەموو ئەو خێزانانەی كە ئەمڕۆ تیمی سی پی تی چاوی پێیان كەوتووە، لە ساڵی 2016ـەوە لانی كەم "چوار جار" ئاوارە بوون.
كامەران عوسمان دەڵێت "لەگەڵ هەندێك لە ژنە ئاوارەكاندا قسەكان كرد، پێیان وتین كە سووكایەتییان پێ كراوە، دەستدرێژیی سێكسییان كراوەتە سەر و دواتر فرێ كراون. خۆك یەكێك لەو ژنانەم بینی كە دەستدرێژیی كراوەتە سەر، لە دۆخێكی دەروونیی ئێجگار خراپدایە".
نوێنەری ڕێخراوی سی پی تی جەخت دەكاتەوە كە دۆخی ئاوارەكانی ڕۆژئاوا لە قامیشلۆ "زۆر خراپە"، تاكە دەروازەیەكیش كە كراوە بێت، دەروازەی فیشخابوور-سێمێلكایە كە بڕێكی كەم هاوكاریی لە باشووری كوردستانەوە پێدا دەڕوات بۆ ڕۆژئاوا كە ئەویش "زۆر كەمە".
ڕێكخراوی سی پی تی داوای هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی هاوكاری لە باشووری كوردستانەوە بۆ خەڵكی ڕۆژئاوا دەكات، لەبەر ئەوەی كێشەی گەورەی "خۆراك، ئاو، دەرمان و هەموو پێداویستییەكانی دیكە هەیە".