لە ڕۆژئاواوە داوای دەستوەردانی بەپەلە لە د. بەرهەم ساڵح دەكرێت و ئەویش دەڵێت: چاودێریی بارودۆخەكە دەكەین
پەرەگراف - مانگی سووری كوردی ڕەقبوونەوەی چوار منداڵی لە سەرمادا لە كۆبانێ ڕاگەیاند. ڕێكخراوەكە دۆخی شاری كۆبانێ لە ئەنجامی گەمارۆی توندی چەكدارانی دیمەشق، بە "كارەساتبار" وەسف دەكات و داوا لە د. بەرهەم ساڵح، كۆمیسیاری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران دەكات، "دەستوەردانی بەپەلە" بكات. د. بەرهەم ساڵحیش لە یەكەم لێدوانیدا لەبارەی دۆخی سووریاوە ڕایدەگەیەنێت "چاودێریی ڕەوشەكە دەكەین و هیوادارین بە ئاشتی كۆتایی بێت".
ئەمڕۆ شەممە 24-01-2026، مانگی سووری كوردی، گیانلەدەستدانی چوار منداڵی لە شاری كۆبانێ بەهۆی "سەرمای توند"ـەوە ڕاگەیاند و دەڵێت "ڕووداوەكە گوزارشت لە قەبارەی ئەو مەینەتییە دەكات كە دانیشتوانی شارەكە تێیدا دەژین، بەهۆی كەمیی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان وەك ئامرازەكانی گەرمكەرەوە، چاودێریی تەندروستی و خۆراك".
هەروەها ڕێكخراوەكە هۆشداری دەدات لەوەی كە بەردەوامیی گەمارۆی سەر كۆبانێ، دەبێتە هۆی "بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاكان"، بەتایبەت كە خزمەتگوزارییە پزیشكی و مرۆییەكان زۆر كەمن و بەرەو كۆتاییهاتن دەچن.
دوێنێ، مانگی سووری كوردی بانگەوازێكی بەپەلە ئاڕاستەی د. بەرهەم ساڵح، كۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران و ڕێكخراوە مرۆییەكان كرد، بۆ ڕزگاركردنی كۆبانێ لە كارەساتی مرۆیی.
لە بانگەوازەكەدا هاتووە "شاری كۆبانێ و دەوروبەری ماوەی چەند ڕۆژێكە لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكومەتی كاتیی دیمەشق، ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی و گەمارۆی توند بووەتەوە، سەرەڕای ئاگربەستیش، گەمارۆكە بەردەوامە و ڕێگە بە چوونەناوەوەی پێداویستییە سەرەتاییەكان نادرێت".
مانگی سەوری كوردی هۆشداری داوە كە "ئاو، سووتەمەنی و خۆراك لەسەر خەڵك بڕاوە و ئاوارەیەكی زۆر ڕوویان لەناو شار كردووە، كە بەشێكیان لە دەرەوە و لەناو ئۆتۆمبێل دەخەون، بەم دواییەش ئینتەرنێت و پەیوەندییەكان پچڕاون".
تا ئێستا، د. بەرهەم ساڵح، كۆمیسیاری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران، كە یەكەم كوردە ئەو پۆستەی وەرگرتووە و ماوەیەكە دەستبەكار بووە، هیچ پەیام و ڕاگەیەندراوێكی فەرمیی لەبارەی دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستانەوە نەبووە.
لە یەكەم كاردانەوەدا سەبارەت بە دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان، د. بەرهەم ساڵح لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی ڕووداو، وتی "لە نزیكەوە چاودێریی ڕەوشەكە دەكەین و لە پەیوەندیداین لەگەڵ لایەنەكان".
د. بەرهەم ساڵح لەبارەی ڕەوشی خراپی ئاوارەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان هیچ قسەیەكی نەكرد و تەنیا وتی "هیوادارین هەموو شتێك باش بێت و بە ئاشتی و ئارامی بۆ خەڵك كۆتایی بێت".
هەرچەندە ئاگربەست لەنێوان هەسەدە و حكومەتی كاتیی دیمەشق ڕاگەیەندراوە و شەڕ ڕاگیراوە، بەڵام شاری كۆبانێ لەبەر دابڕانی لە ناوچە كوردنشینەكانی دیكە، كەوتووەتە ناو گەمارۆی هێز و گرووپەكانی سەر بە حكومەتی دیمەشق. ئەم جگە لە پەلاماری بەردەوامی ئەو گرووپانە بۆ سەر شارەكە، ئەوەش دۆخێكی مرۆیی سەختی دروست كردووە و مەترسیی كارەساتی مرۆیی هەیە.