چارەنووسی مووچە نادیارە؛ 'هیچ ڕێككەوتن و بڕیارێكی نوێ بۆ دابەشكردنی مووچە لە ئارادا نییە'
پەرەگراف - وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت "تا ئێستا، هیچ ڕێككەوتن و بڕیارێكی نوێ بۆ دابەشكردنی مووچە، لە ئارادا نییە". دەشڵێت "لە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە هیچ بڕیار و ڕێنماییەك سەبارەت بە ڕێكارەكانی خەرجكردنی مووچە بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٦، نەگەیشتووەتە وەزارەتی دارایی هەرێم".
ڕاگەیەندراوەكەى وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێم لە كاتێكدایە كە 25 ڕۆژ لە مانگی یەكی ساڵی نوێ تێپەڕێوە و جگە لە مووچەی ئەم مانگەی مووچەخۆرانی هەرێم، چارەنووسی دوو مووچەی كۆتا مانگەكانی ساڵی ڕابردوویش نادیارە.
هاوكات وەزارەتەكە جەخت دەكاتەوە كە "وەكوو ساڵانی پێشوو" بەردەوامە لەسەر جێبەجێكردنی هەموو هەنگاوەكانی دابەشكردنی مووچە. "هیچ كێشەیەكیش لەبەردەم وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمدا نییە بۆ ناردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە و لیستی مووچە".
بۆ ناردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی هەرێم چاوەڕێی بڕیار و ڕێنمایی نوێیە لەبارەی خەرجكردنی مووچە لە ساڵی ٢٠٢٦ دا.
وەزارەتەكە تكا دەكات كە "هەر كەس و لایەنێك شارەزای ڕێككەوتن و ڕێنمایی و ڕێكارەكان نییە، زانیاریی هەڵە لەسەر لیستی مووچە و بابەتی (١٢٠) ملیار دینارەكە بڵاو نەكاتەوە".