ئەنەکەسە مەرجى بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق هەیە؛ داواى یەکڕیزیى کورديش دەکات و تاکڕەوى ڕەت دەکاتەوە

25-01-2026 10:57
نوێترین کۆبوونەوەى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى نیشتمانیى کورد بە بەشداریى سەرکردەى پارتە پێکهێنەرەکانى ئەنجوومەنەکە - 25/01/2026 - قامیشلۆ

پەرەگراف - ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) پەیام ئاراستەى دیمەشق دەکات و بە ژمارەیەك مەرج ئامادەیی بۆ دانوستان ڕادەگەیەنێت. هاوکات ئەنجوومەنەكە جەخت لەسەر "یەكڕیزیی هەڵوێستی كورد" دەكاتەوە و دەڵێت "بڕیاری سیاسیی تاكلایەنە ڕەت دەكەینەوە". بونیادنانی "دەوڵەتێكی دادپەروەر، ناناوەندی و دیموكراسی" لە سووریا، داواكارییەكی ئەنەكەسەیە بۆ سەرجەم لایەنەكانى وڵات.

پاش ئەوەى هەندێك میدیا ئاشكرایان كرد كە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، پەیوەندیی بە محەمەد ئیسماعیل، سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا كردووە و بانگهێشتی كردووە بۆ پێكهێنانی شاندێكی هاوبەشی كورد بۆ سەردانی دیمەشق، ئەنەکەسە ئەمڕۆ بەیاننامەیەکى بڵاو درەوە.

ئەنەكەسە كە لە پارتی دیموكراتی سووریا و ژمارەیەك حیزبی نزیك لە پارتی پێك دێت، لە مەرج و خاڵی یەكەمی بەیاننامەكەیدا داوای "وەستاندنی دەستبەجێی كردە سەربازییەكان و پەنابردن بۆ گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بە شێوەیەك كە خزمەت بە پرۆسەی بونیادنانی سووریایەكی نوێ بكات"، دەكات.

هەروەها جەخت لەسەر "هەڵگرتنی گەمارۆ و هەموو ئەو كۆتوبەندانەی كە بەسەر شاری كۆبانی سەپێنراون" دەكاتەوە، بۆ "دەستەبەركردنی گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان و جموجووڵی بێبەربەستی هاووڵاتیانی شارەكە".

"پێشەنگیدان بە پرسی كورد لە پرۆسەی سیاسی و زامنكردنی بەشداریی كاریگەرانەی كورد لە داڕشتنی ئایندەی وڵات لە ڕێگەی شاندی دانوستانكاری هاوبەشی كوردەوە كە وەك چوارچێوەی نوێنەرایەتی كۆدەنگی كورد كار دەكات"، مەرجێكی دیكەی ئەنەكەسەی بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق.

ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا، فەرمانی سەرۆكایەتیی ژمارە (١٣) كە ئەحمەد شەرع لەبارەی مافەكانی كوردەوە دەری كرد، بە "هەنگاوێكی سەرەتایی ئەرێنی" ناو دەبات، كە "دەتوانرێت بونیادی لەسەر بنرێت و لە چوارچێوەیەكی دەستووریدا پەرەی پێ بدرێت، كە هاوبەشی و هاووڵاتیبوونی یەكسان بچەسپێنێت".

لە خاڵێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەیدا، ئەنەكەسە جەخت دەكاتەوە لەسەر "پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی بە پاراستنی تەونی كۆمەڵایەتی و ڕەتكردنەوەی گوتاری ڕقاوی و توندڕەوی و هاندان بە هەموو شێوەكانییەوە".

ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد ڕایدەگەیەنێت "جەخت لەسەر یەكڕیزیی هەڵوێستی كورد دەكەینەوە. بڕیاری سیاسیی تاكلایەنە ڕەت دەكەینەوە". هەروەها دەڵێت "داوای بەشداریی بونیادنەرانە لە پڕۆسەی سیاسیی نیشتمانی دەكەین، بە جۆرێك بەشدار بێت لە چەسپاندنی سەقامگیری و گەیشتن بە خواستەكانی گەلی كورد".

ئەنجوومەنەكە داوا لە هەموو هێزە نیشتمانییەكانی سووریا دەكات كە "ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێكی دادپەروەر و ناناوەندی و دیموكراسی كە مافەكانی هەمووان دەستەبەر بكات".