چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە پارتی و یەکێتی دەکات ڕێککەون لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆککۆمار
پەرەگراف- چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارو لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بە جیا میوانداری دوو وەفدی پارتی و یەکێتیی کرد بۆ خستنەڕووی بۆچوونەکانیان.
چوارچێوەی هەماهەنگی داوای کرد پارتی ویەکێتی ڕێککەون لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ ئاسانکاریی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە چوارچێوەی ئەو وادەیەی کە لە دەستووردا دیاریکراوە، هەروەها جەختی لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە وادە دەستوورییەکان و یەکلاکردنەوەی شایستەکان کردەوە.
بڕیارە پەرلەمانی عێراق سبەینێ کۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار. دوای هەڵبژاردنەکەش، سەرۆک کۆمار ١٥ ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران —کە لە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دەبێت کە چوارچێوەی هەماهەنگییەو نوری مالکی کاندیدیانە—، ئەویش دواتر ٣٠ ڕۆژی لەبەردەستە بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری و پێشکەشکردنی بەرنامەی حکومەتەکەی بە مەبەستی وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمان.