ئەمریكا پەیامێكی هۆشداریئامێز دەداتە بەغداد و هەولێر، 'حكومەتی سەپێندراوی ئێران لە ‏عێراق' ڕەتكراوەیە

27-01-2026 12:07
 
پەرەگراف - پاش گەیاندنی پەیامی هۆشداریئامێزی ئەمریكا لەبارەی پێكهێنانی "حكومەتێكی ‏سەپێندراوی ئێران لە عێراق" بە سوودانی، هەمان پەیام لەلایەن تۆم باراكەوە بە بارزانی ‏گەیەندرا.‏
 
تۆم باراك، نێردەی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود ‏بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، ڕایگەیاند "هەڵوێستی واشنتۆن بەرانبەر عێراق ڕوون و ‏جێگیرە".‏
 
باراك بە بارزانیی وتووە "هەر حكومەتێك لە عێراق لەلایەن ئێرانەوە بسەپێنرێت، ناتوانێت ‏خواستەكانی گەلی عێراق و سووریا بۆ داهاتوویەكی گەشتر بەدی بهێنێت، هەروەها ناتوانێت ‏هاوبەشییەكی كارا لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بنیات بنێت".‏
 
نێردەی ئەمریكا پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ بارزانی بە "بنیاتنەر" وەسف دەكات، كە ‏هاوكات تێیدا جەختی كردووەتەوە لەسەر "گرنگیی پاراستنی ئاگربەست و گەیاندنی هاوكارییە ‏مرۆییەكان بۆ لێقەوماوان لە سووریا، بەتایبەت لە كۆبانی‎".‎
 
هەر ئەمڕۆیش، ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، هەمان ‏هۆشداریی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقەوە، داوەتە محەمەد شیاع سوودانی، ‏سەرۆكوەزیرانی عێراق‎.‎
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، ڕۆبیۆ هۆشداریی داوە لەوەی كە نابێت ئێران كۆنتڕۆڵی ‏سیاسەتی عێراق بكات و ڕایگەیاندووە، هەر حكوومەتێك لە تارانەوە كۆنتڕۆڵ بكرێت، ناتوانێ ‏بەرژەوەندییەكانی عێراق بپارێزێت.‏
 
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی كردووەتەوە كە عێراق لەژێر كۆنتڕۆڵی ئێراندا، ‏‏"ناتوانێت لە ململانێ ناوچەییەكان بێ لایەن بمێنێتەوە و بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی ‏بپارێزێت، پەیوەندی و هاوبەشییەكانیشی لەگەڵ ئەمریكاشدا دەكەوێتە مەترسییەوە".‏
 
ئەو هۆشدارییانەی ئەمریكا پاش ئەوە دێن كە لایەنە شیعەكان لەسەر كاندیدكردنی نووری مالیكی، ‏سەرۆكی دەوڵەتی یاسا، بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕاكەوتن و بە فەرمی وەكوو تاكە كاندید ‏ڕایانگەیاندووە.‏