مالیکى بۆ ترەمپ: دەستوەردان ڕەت دەکەمەوە و بەردەوام دەبم

28-01-2026 01:53

پەرەگراف - نووری مالیكی و حیزبەكەی بە دوو ڕاگەیەندراو وەڵامی ترەمپیان دایەوە و هۆشدارییەكەیان بۆ كشاندنەوەی مالیكی لە كاندیدیی سەرۆكوەزیران ڕەت كردەوە. حیزبی دەعوە هۆشداری دەدات كە چوونە ژێر باری داواكارییەكەی ترەمپ "پرۆسەی سیاسی بەرەو ئاڵۆزی دەبات". داوا لە چواچێوەی هەماهەنگییش دەكات "بەرپرسیارێتیی خۆی بەرانبەر بەم دەستوەردانە" هەڵبگرێت. ئەمشەو سەركردەكانی چوارچێوە بۆ هەڵوێستی هاوبەش كۆدەبنەوە.

شەوی ڕابردوو 27-01-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، پەیامێكی توندی ئاراستەی عێراق كرد و هۆشداریی دا لە ئەگەری گەڕانەوەی نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و ڕایگەیاند كە هەنگاوێكی لەو شێوەیە "بڕیارێكی زۆر خراپ" دەبێت بۆ عێراق و لێكەوتەی مەترسیداری لەسەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتن دەبێت.

نووری مالیكی، سەرۆكی حیزبی دەعوە و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، كە كاندیدی فەرمیی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە وەڵامی دۆناڵد ترەمپدا دەڵێت "بە توندی دەستوەردانی ئاشكرای ئەمریكا لە كاروباری ناوخۆی عێراق ڕەت دەكەینەوە، بە پێشێلكردنی سەروەرییەكەی و دەستدرێژی بۆ سەر بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەڵبژاردنی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، دایدەنێین".

مالیكی لە ڕاگەیەندراوێكدا جەخت دەكاتەوە "لە سۆنگەی ڕێزگرتنم لە ئیرادەی نیشتمانی و بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی، بەردەوام دەبم لە كاركردن تا دەگەینە كۆتایی، بەو شێوەیەی كە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی عێراق بەدی بهێنێت".

"زمانی گفتوگۆ لەنێوان دەوڵەتاندا، تاكە بژاردەی سیاسییە بۆ مامەڵەكردن، نەك پەنابردن بۆ زمانی سەپاندن و هەڕەشە"، مالیكی وا دەڵێت.

هاوكات، حیزبی دەعوەی ئیسلامی كە نووری مالیكی سەرۆكایەتیی دەكات، لە ڕاگەیەندراوێكدا "سەركۆنەی دەستوەردانی هەر لایەن یان دەوڵەتێك" لە كاروباری ناوخۆی عێراقدا دەكات بە شێوازی "سەپاندن و هەڕەشە" و دەڵێت "ئەمە پێشینەیەكی مەترسیدارە و لە پرەنسیپی سەروەری دەدات و بڕیاری نیشتمانی لاواز دەكات".

حیزبی دەعوە هۆشداری دەدات كە "دروستكردنی كەلێن لە بڕیارەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی (كە كاندیدیكردنی نووری مالیكییە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران)، پرۆسەی سیاسی بەرەو ئاڵۆزی دەبات و لەسەر چەندین ئاست لێكەوتەی دەبێت".

حیزبەكەی مالیكی داوا لە سەرجەم لایەن و پێكهاتەكانی عێراق دەكات كە "بەرگری لە بڕیاری نیشتمانیی سەربەخۆی عێراق بكەن". هەروەها داوا لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەكات "بەرپرسیارێتیی خۆی لەبەردەم گەلدا هەڵبگرێت، بەرانبەر بەم دەستوەردانە ئاشكرایە".

پێچەوانەی سەرۆكی ئەمریكا كە نووری مالیكیی بە "بژاردەیەكی خراپ" وەسف كردووە و پێی وایە پێشتر ئەزموونێكی شكستخواردووی لە بەڕێوەبردنی عێراقدا هەبووە، حیزبی دەعوە دەڵێت "بەڕێز نووری مالیكی كەسایەتییەكی سیاسی نیشتمانییە، یەكێكە لە كۆڵەكەكانی پرۆسەی سیاسی، بەرپرسیارێتیی قورسی لەژێر بارودۆخە سەختەكانی عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣ گرتە ئەستۆ و ئاسایش و سەقامگیریی سەپاند و دەسەڵاتی بۆ دەوڵەت گەڕاندەوە".

دواى هۆشدارییەکەى سەرۆکى ئەمریکا دژى مالیکى، چوارچێوەى هەماهەنگیى شیعەکان هیچ هەڵوێستێکى فەرمیى دەرنەبڕیوە و بۆ گەیشتن بە هەڵوێستێکى هاوبەش ئەمشەو سەرکردەکانى کۆدەبنەوە.

مالیكی لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤ سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو، كە قۆناغێك بوو بەهۆی دابەشبوونی قووڵی سیاسی، ئاڵنگاریی ئابووری و قەیرانی توندی ئەمنی، لەوانەش سەرهەڵدانی داعش، ناسرابوو. ئەگەری گەڕانەوەی ئەو، بووەتە هۆی نوێبوونەوەی مشتومڕەكان لە ناوخۆی عێراق و نیگەرانی لە نێوان هاوبەشە نێودەوڵەتییەكاندا.

ترەمپ لە پەیامەكەیدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ بڵاوی كردەوە، ئاماژەی بەوە كردووە كە بیستوویەتی عێراق "لەوانەیە بڕیارێكی زۆر خراپ بدات بە دووبارە دەستبەكاربوونی نووری مالیكی وەك سەرۆكوەزیران".

ترەمپ دەڵێت، لە ماوەی خولی پێشووی مالیكیدا، وڵات "بەرەو هەژاری و پشێوییەكی تەواو ڕۆیشت". جەختیش دەكاتەوە كە "نابێت ڕێگە بدرێت ئەم سیناریۆیە دووبارە ببێتەوە."

ترەمپ هۆشداری دا كە ئەگەر مالیكی بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات، ویلایەتە یەكگرتووەكان پشتگیرییەكانی بۆ عێراق دەوەستێنێت. دەشڵێت "بەهۆی سیاسەت و ئایدۆلۆژیا سەرشێتانەكانیەوە، ئەگەر مالیكی هەڵبژێردرێت، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چیتر هاوكاریی عێراق ناكات".

"بەبێ هاوكاریی ئەمریكا، عێراق هیچ چانسێكی بۆ سەركەوتن و خۆشگوزەرانی یان ئازادی نابێت"، سەرۆكی ئەمریكا وا دەڵێت و بە دروشمی "عێراق دووبارە مەزن بكەنەوە" كۆتایی بە پەیامەكەی هێناوە.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە كاتێكدایە كە هێزە سیاسییەكانی عێراق بەردەوامن لە دانوستان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ. دوێنێ‌ كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژی یاسایی ئەنجام نەدرا و چاوەڕوان دەكرێت بكەوێتە یەكشەممەی داهاتوو.

لە ٢٤ی كانوونی دووەمدا، چوارچێوەی هەماهەنگیی عێراق ڕایگەیاند كە نووری مالیكیی وەك كاندیدی لایەنە شیعەكان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران دیاری كردووە، ئەمەش دوای كۆبوونەوەیەكی فراوانی سەركردایەتی لە نووسینگەی هادی عامری. كوتلەكە ڕایگەیاند كە بڕیارەكە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كراوە و ئاماژەی بە ئەزموونی سیاسی و كارگێڕیی مالیكی كردووە و پابەندیی خۆی بە پرۆسە دەستوورییەكە دووپات كردووەتەوە.