دابەشکردنى مووچە لە عێراق دەست پێ دەکات؛ هێشتا لەبارەى مووچەى هەرێمەوە بڕیار نەدراوە
پەرەگراف - سەرەتای هەفتەی داهاتوو دابەشكردنی مووچە لە عێراق دەست پێ دەكات. وەزیری دارایی ڕێنمایی دەركردووە بە دەوامكردن لە ڕۆژانی هەینی و شەممە بۆ تەواوكردنی لیستەكان و خەرجكردنی خێرای مووچە. دەربارەی مووچەی هەرێمی كوردستان، هێشتا هیچ بڕیارێك دەرنەكراوە. وەزارەتی دارایی هەرێم سەرەتای هەفتەی داهاتوو 120 ملیار دینارەكە ڕادەست دەكات و دەیەوێت بەزوویی مووچەی هەرێمیش خەرج بكرێت.
وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، دەست بە ڕێكارەكانی وردبینیی لە داتاكانی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت كراوە. لەلایەن وەزیرەوە ڕێنمایی دەركراوە كە ڕۆژانی هەینی و شەممە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانبەرە پەیوەندیدارەكان لە دەوامدا بن بۆ تەواوكردنی ڕێكارەكانی خەرجكردنی مووچە.
وەزارەتەكە جەخت دەكاتەوە كە پارەی مووچە بە تەواوی دابین كراوە و لەگەڵ تەواوبوونی وردبینیی كۆتایی لیستەكانی مووچە، مووچە خەرج دەكرێت. بەوپێیەش چاوەڕوان دەكرێت كە ڕۆژی یەكشەممە دابەكردنی مووچە لە عێراق دەست پێ بكات.
پێچەوانەی پێشتر كە لە دوای 20ـی مانگەوە دەست بە خەرجكردنی مووچە دەكرا، دابەشكردنی مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵ لە عێراق دەكەوێتە سەرەتای مانگی دوو.
سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، هێشتا هیچ بڕیارێك دەرنەكراوە و نازانرێت كەی خەرج دەكرێت. بەڵام بەپێی زانیاریەكانی پەرەگراف، وەزارەتی دارایی هەرێم سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەرپرسیارێتییەكانی خۆی تەواو دەكات، لەپێناو زیاتر دوانەكەوتنی مووچە.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی بە پەرەگرافی وت "هەوڵەكان چڕكراونەتەوە بۆ كۆكردنەوەی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی كە پشكی حكومەتی فیدراڵە، تا ڕۆژی یەكشەممە ڕادەستی یەغداد بكرێت".
ئەو سەرچاوە وتیشی "دوای ئەوەی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ كرا، هەروەها هەناردەی نەوت بەبێ كێشە بەردەوامە، بە ناردنی 120 ملیار دینارەكە ئیتر هیچ پاساوێك بۆ خەرجنەكردنی مووچەی هەرێم نامێنێت".
بەپێی زانیارییەكان، خەرجكردنی مووچەی هەرێم لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی نەوتیی نێوان هەرێم و بەغداد و لێكتێگەیشتنەكانی ساڵی ڕابردوو بەردەوام دەبێت، كە مەرجە سەرەكییەكانی ناردنی مووچە، بریتین لە ڕادەستكردنی نەوت و 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی.