پڕۆژەیاسای 'پاراستنی كورد' پێشكەش بە كۆنگرێسی ئەمریكا كرا، ناوەرۆكەكەی چییە؟

30-01-2026 12:48

پەرەگراف - "سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسانی حكومەتی سووریا و ئەو كەسانەی لە هاوكاریكردنی دیمەشق تێوەگراون، خستنەوە لیستی تیرۆری دەستەی تەحریری شام، بە فەرمی دانپێدانانی (هەسەدە)"، سێ خاڵی گرنگی ئەو پرۆژەیاسایەیە كە دوو سیناتۆری كۆمارییەكان و دیموكراتەكان لەژێر ناوی پڕۆژەیاسای "پاراستنی كورد" پێشكەش بە كۆنگرێسیان كردووە.

هەریەك لە سیناتۆرەكانی ئەمریكا، لیندزی گراهام (كۆماری) و ڕیچارد بلومێنتاڵ (دیموكرات)، ڕۆژی پێنجشەممە 29-01-2026، پڕۆژەیاسای "پاراستنی كورد" (Save the Kurds Act) یان پێشكەش كرد. ئەم پڕۆژەیاسایە كە لەلایەن هەردوو پارتەكەوە پشتگیری دەكرێت، وەك وەڵامێكە بۆ ئەوەی كە خۆیان بە "هێرشە بەردەوامەكانی هێزەكانی حكومەتی نوێی سووریا" بۆ سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) وەسفیان كردووە.

پڕۆژەیاسا پێشنیازكراوەكە هەوڵ دەدات سزا بەسەر ئەو بەرپرسانەی حكومەتی سووریا، دامەزراوە داراییەكان و ئەو كەسایەتییە بیانییانەدا بسەپێنێت كە تێوەگلاون لە هەر كردەیەكی سەربازی بۆ سەر هەسەدە یان ئاڵوگۆڕی دارایی لەگەڵ دیمەشق.

ئەم پڕۆژەیاسایە لە كاتێكدایە كە گرژییەكان لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوو لە هەڵكشانن، تێیدا هەسەدە وەك هاوبەشێكی سەرەكیی ئەمریكا لە ئۆپەراسیۆنەكانی دژ بە تیرۆردا ماوەتەوە.

لە كاتی هەڵمەتی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا بۆ تێكشكاندنی خەلافەتی داعش، هەسەدە ڕۆڵێكی سەرەكیی گێڕا و قوربانییەكی زۆری دا لەپێناو كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچە بەرفراوانەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

سەرەڕای تێكشكانی داعش لە ڕووی خاكەوە، ناوچەكە بە ناسەقامگیری ماوەتەوە. لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان، زیندان و كەمپ هەن كە هەزاران چەكداری داعش و خێزانەكانیانی تێدایە و زۆربەیان لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە دەپارێزرێن. هەروەها نزیكەی ١٠٠٠ سەربازی ئەمریكیش لە ناوچەكەدا جێگیر كراون.

بە گوتەی سیناتۆرەكان، بەردەوامیی هێرشەكان بۆ سەر هەسەدە، نەك تەنیا هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەكە، بەڵكو مەترسی بۆ سەر سەرباز و كارمەندانی ئەمریكاش دروست دەكات و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش زیاد دەكات. هەروەها هۆشدارییان داوە كە ئەم جۆرە پەلامارانە، دەبێتە هۆی تێكدانی پەیوەندییەكانی واشنتن لەگەڵ سەركردایەتیی نوێی سووریا.

دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد، ئەحمەد شەرع، سەرۆكی نوێی سووریا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی دژ بە هەسەدەی وەك هەوڵێك بۆ یەكخستنەوەی وڵات لە دوای ساڵانێكی زۆر لە شەڕی ناوخۆ، وێنا كردووە. بەڵام یاسادانەرانی ئەمریكا دەڵێن، بەڵگە هەیە كە ئەم هێرشانە بە هەماهەنگی و پشتگیری توركیا ئەنجام دەدرێن.

لیندزی گراهام لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند "پێم وایە پشتگیرییەكی بەهێزی هەردوو پارتەكە (كۆمارییەكان و دیموكراتەكان) بۆ پرۆژەی پاراستنی كورد لە سووریا و ناوچەكانی دیكەش هەیە، چونكە ئەوان هاوپەیمانێكی جێی متمانەی ئەمریكا بوون".

گراهام ئاماژەی بەوەش كردووە، هەسەدە -كە پێكهاتەیەكی گەورەی كوردی تێدایە- قورسایی شەڕی تێكشكاندنی داعشی لە ئەستۆ گرت لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتیی ترەمپدا. ئەو سیناتۆرە دەڵێت "هێرشكردنە سەر كورد، پێگەی ئەمریكا زۆر لاواز دەكات و ڕێگری لە توانای گەشەكردنی سووریا وەك وڵاتێك دەكات". جەختیش دەكاتەوە كە "هەر كەسێك پێی وابێت هێرشكردنە سەر كورد لە سووریا بێ سزا دەبێت، بە هەڵەدا چووە".

ڕیچارد بلومێنتاڵیش هەمان نیگەرانیی دەربڕیوە و دەڵێت "پێم وایە پێویستە پارێزگاری لە كوردانی سووریا بكەین و هەنگاو بنێین بۆ دڵنیابوون لە پاراستنیان لە هەر تۆڵەسەندنەوەیەك لەلایەن حكومەتی سووریاوە".

پڕۆژەیاسای "پاراستنی كورد" چەند خاڵێكی سەرەكی لەخۆ دەگرێت:

سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسانی حكومەتی سووریا، دامەزراوە داراییەكان و ئەو كەسایەتییە بیانییانەی هاوكاریی سەربازی یان دارایی پێشكەش بە دیمەشق دەكەن.

بە فەرمی دانپێدانانی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، بەهۆی ڕۆڵیان شانبەشانی ئەمریكا بۆ تێكشكاندنی داعش.

دووبارە دەستەی تەحریری شام (HTS) بخرێتەوە لیستی ڕێكخراوە تیرۆریستییە بیانییەكان.

پێویستە دەرهێنانی سووریا لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر، مەرجدار بكرێت بە ڕەزامەندیی پێشوەختەی كۆنگرێس.

پێدانی دەسەڵات بە سەرۆك بۆ هەڵپەساردنی سزاكان، ئەگەر سووریا پشتڕاستی كردووە هەموو هێرشەكانی بۆ سەر هەسەدە و هاوبەشەكانی ڕاگرتووە.

دانانی میكانیزمێكی "گەڕانەوەی خۆكار" (Snapback) كە وا دەكات دەستبەجێ سزاكان بسەپێنرێتەوە، ئەگەر هێرشەكان دەستیان پێ كردەوە.

یاسادانەران پێیان وایە ئەم پڕۆژەیاسایە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا گرنگە، جەخت لەوە دەكەنەوە كە پاراستنی هاوپەیمانەكان لەسەر زەوی زۆر گرنگە، بۆ ڕێگریكردن لە دووبارە خۆڕێكخستنەوەی داعش و پاراستنی سەقامگیری لە سووریای دوای شەڕدا.