پەرەگراف - دوای دووەم جار شكستهێنانی كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبوونەوە و بڕیار دراوە دانیشتنەكە بۆ "ڕۆژی پێنجشەممە یان شەممە"ـی داهاتوو دوابخرێت. ئەوەش بە "دواوادە" ناو دەبەن.
سەرچاوەیەك لە بەغدادەوە بە پەرەگرافی وت "هێشتا یەكلانەكراوەتەوە كۆبوونەوەكە لە كام یەك لەو دوو ڕۆژە ئەنجام دەدرێت. ئەوە بەجێهێڵدراوە بۆ پێشهاتەكانی چەند ڕۆژی داهاتوو و ڕێككەوتنی نێوان لایەنەكان".
ئەو سەرچاوە جەختی كردەوە كە "ئەمە دوادەرفەتە بە لایەنەكان دەدرێت بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان و ڕێككەوتن لەسەر كاندیدەكانی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران".
موسەننا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگررتوو و كاندیدی سەرۆككۆماری عێراق، ڕایگەیاند "هۆكاری سەرەكیی دواخستنی كۆبوونەوەكان، پارتی و یەكێتین كە لەسەر كاندیدێك بۆ سەرۆككۆمار ڕێكناكەون و بە كەسی تریش لە دەرەوەی خۆیان ڕازی نابن".
"چوارچێوەی هەماهەنگیش هۆكارێكی دیكەی دواخستنی كۆبوونەوەكەیە، كە بەهۆی ململانێ و كێشەی كاندیدی سەرۆكوەزیرانەوە بووەتە هۆی پەكخستنی كۆبوونەوەكان".
وادەی كۆبوونەوەی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو 27-01-2026 بوو، كە ئەوكات ڕاگەیەندراو 28ـی مانگ دوا وادەی دەستوورییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، بەهۆی كۆتاییهاتنی 30 ڕۆژ ماوەی دەستووریی پرۆسەكە، بەڵام دواتر وترا كە ئەمڕۆ یەكشەممە كۆتا وادەیە، كەچی ئەمڕۆیش كۆبوونەوەكە بەڕێوە نەچوو.
كۆبوونەوەی پێشوو لەسەر داوای فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی دواخرا، بە پاساوی ئەوەی دەرفەتیان پێ بدرێت بۆ ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە ڕێكبكەون. بەڵام وا دەردەكەوێت كۆبوونەوەی ئەمجارە زیاتر بەهۆی كێشەی ناوماڵی شیعەوە لەسەر كاندیدی سەرۆكوەزیران بووبێت، بەوپێیەی دوای هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، دەبێت ڕاستەوخۆ كاندیدی سەرۆكوەزیران بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت ڕابسپێرێت.
بڕیارە سبەینێ شاندێكی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ گفتوگۆ لەسەر كێشەی كاندیدی پۆستەكانی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران، سەردانی هەرێمی كوردستان بكات. شاندەكە كە لە هادی عامری، محەمەد شیاع سوودانی و موحسین مەندەلاوی پێك دێت، لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی و لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كۆدەبنەوە.
دواخستنی چەندجارەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار كە لەمڕۆوە دەبێتە هۆی دروستكردنی بۆشایی دەستووری و هێشتا ڕوون نییە ئەو پرسە چۆن چارەسەر دەكەن، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی.
مەحموود فالح، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕەخنەی توند لە پەرلەمانی عێراق دەگرێت و دەڵێت "دەستوور و وادە دیاریكراوەكانی تێپەڕاندووە".
ئەو پەرلەمانتارە هۆشداریی ئەوەی داوە ئەگەر دۆخەكە لە دانیشتنی داهاتوودا بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا دەستپێشخەری دەكات بۆ كۆكردنەوەی واژوو لە پەرلەمانتاران بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق.