یەكێتی بەشداریی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی دەكات

09-06-2019 01:47


پەرەگراف

وەفدێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەشداری دەكات لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات.

لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە میدیای حیزبەكەیی ڕاگەیاند "لەسەر بانگهێشتی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشداری ڕێوەرەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم دەكات".

ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم سبەینێ لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، بڕیارەكەی یەكێتی بۆ بەشداریكردن دوای ئەوەدێت پەرەگراف ئاشكرایكرد پارتی كۆبوونەوەی لەگەڵ یەكێتی ڕەتكردووەتەوە دەربارەی پۆستی پارێزگاری كەركوك كە بووەتە گرێكوێرەی نێوانیان.

بەپێی دەقی ڕێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی كە پارتی بڵاویكردووەتەوە، پۆستی پارێزگاری كەركوك هاوتەریب لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم هەنگاوەكانی دەستپێدەكات نەك لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، بەڵام یەكێتی بە پاساوی جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتنەكەیان لەبارەی كەركوك، بەشداریی نەكرد لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، پارتی ئەو هەڵوێستەی یەكێتی بە لادان‌و شكاندنی ڕێككەوتنەكەی نێوانیان لەقەڵەمدا.

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دوو ڕۆژ لەمەوبەر كۆبووەوەو پرسی بەشداریكردن لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی بە هەڵپەسێردراوی هێشتەوەو وتەبێژی ئەو حیزبە ڕایگەیاند: نیەتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەیان لەلایەن پارتییەوە ئەو پرسە یەكلادەكاتەوە.

پۆستی پارێزگاری كەركووك كێشەی چارەسەرنەكراوی نێوان پارتی و یەكێتییەو پارتی چەندین كەسی ڕەتكردووەتەوە كە لەلایەن یەكێتییەوە پێشنیار كراون بۆئەو پۆستە، ئێستا یەكێتی چەند ناوێكی نوێی خستووەتە بەردەم پارتی بۆ پەسەندكردنی یەكێكیان، بەڵام هێشتا پارتی وەڵامی كۆتایی نەداونەتەوەو ئەوپرسەی دواخستووە بۆ دوای سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی نوێی هەرێم.