ناوەرۆكی كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و پارتی، "هەڵبژاردنی ‏سەرۆككۆمار بۆ تەواوكردنی پێكهێنانی حكومەت"‏

02-02-2026 03:02

پەرەگراف - شاندی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان لە هەولێر لەگەڵ ‏پارتی دیموكرات كۆبووەوە. سوودانی دەڵێت "باس لە شایستە دەستوورییەكانی ‏داهاتوو كرا، لە سەرووی هەمووشیانەوە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، بۆ تەواوكردنی ‏ڕێكارەكانی پێكهێنانی حكومەت بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكان".‏

شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی هاوشانی سوودانی، پێكهاتووە لە هادی عامری، ‏ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی بەدر و موحسین مەندەلاوی، سەرۆكی هاوپەیمانیی ‏ئەساس و عەباس ڕازی، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی. پارتی ‏دیموكرات بە سەرۆكایەتیی مەسعود بارزانی پێشوازیی لێ‌ كردن، نێچیرڤان بارزانی، ‏جێگری یەكەمی سەرۆكی پارتی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا ‏بەشدار بوو.‏

سەبارەت بە پەرەسەندنەكانی ئێستای ناوچەكە و بارودۆخی سووریا، محەمەد ‏شیاع سوودانی دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر گرنگیی یەكخستنی ‏گوتاری سیاسیی نیشتمانیی عێراق بەرانبەر ئەم گۆڕانكاری و ڕووداوانە كرایەوە، ‏بە جۆرێك كە ببێتە هۆی بەهێزكردنی پێگەی عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییە ‏باڵا نیشتمانییەكانی".‏