ئەنجوومەنى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى هەڵوێستى دەربارەى دواکەوتنى مووچە ڕاگەیاند

03-02-2026 08:30

پەرەگراف - ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەڵوێستی خۆی دەربارەی دابەشنەكردنی مووچە ڕادەگەیەنێت و دەشڵێت "داواكارین لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی داواكارییەكانمان، ساز و ئامادە بن بۆ هەڵویستی توند و سەرتاسەری دژی دواكەوتن و دزینی مووچەكانمان".

ئەنجوومەنەكە پشتیوانی بۆ "هەموو هەڵوێستێكی مامۆستایان" ڕاگەیاندووە و داواش دەكات "بەزووترین كات، بڕیاری بەناو وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ ڕاگرتنی مووچەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی (هەژماری من)ـی دەسەڵاتدارانیان پڕنەكردووەتەوە، هەڵبوەشێتەوە".

دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، مووچەی مانگەكانی (١١ و ١٢) ساڵی ڕابردوو و بەهەمیشەییكردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست، سێ‌ داواكاریی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییە.

دەقی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی:

وەك ئاگادارن مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە (١٠) ساڵە بەهۆی بڕیار و سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتدارانی تاڵانچی هەرێم، لە دۆخێكی دارایی و ئابووریی سەختدا دەژین، بەڵام دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی و ڕێككەوتنی نەوتیی نێوان هەرێم و بەغدا؛ ئومێدێك هەبوو كێشەكان بەرەوچارەسەر بچن.

بەداخەوە بەهۆی بێباكی و خەمساردی دەسەڵاتدارانی شكستخواردوو و تاڵانچیی هەرێم؛ كێشەكانی دواكەوتن و دابەشنەكردنی مووچە، نەك درێژەیان هەیە و تا ئێستا چارەنەكراون، بگرە زیاتر و قووڵتر بوونەتەوە.

ئێمە ئومێدەواربووین دوای ئەو كۆدەنگییە نەتەوەییەی بۆ پرسی ڕۆژئاوا دروستبوو؛ پاش ئەوەی گەلی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان و تاراوگە، ئەركی نەتەوەیی خۆیان زۆر بەباشی جێبەجێكرد، دەسەڵاتدارانی هەرێم، بە خۆیاندا بچنەوە و ئاوی حەیای دڵسۆزی و قوربانیدانی ئەم میللەتە بەشمەینەتە، ئیستێك بە بێمۆراڵی و بەدكارییان بكات؛ بە جۆرێك لەئاست شكۆ و قووتی مووچەخۆراندا، وەخۆ بكەون و كارژی بێباكی و تەماعكارییان فڕێبدەن؛ بەڵام وەك دەبینین دەسەڵاتدارانی بەكرێگیراو و قوماركەر بە چارەنووسی گەل، تا بێت بێباكتر و ملهوڕتر دەبن و لە ئەفراندن و دابەستەكردنی تەواوی قەیران و كێشەكان و نەدان و دزینی مووچەدا، خەنیی و شاگەشكەن، كە هیچ جەلادێك لە مێژوو و ئێستادا ناتوانێت شان لە شانیان بدات.

بۆیە ئێمە لە ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی بە پێویستی دەزانین هەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێكدا بخەینە ڕوو:

یەكەم: پشتیوانی هەموو هەڵوێستێكی مامۆستایان دەكەین؛ لەپێناو ڕەتكردنەوەی سیاسەتی برسیكردن و دواكەوتن و دابەشنەكردنی مووچە.
دووەم: پێویستە بەزووترین كات، بڕیاری بەناو وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ ڕاگرتنی مووچەی ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەی (هەژماری من)ی دەسەڵاتدارانیان پڕنەكردووەتەوە هەڵبووەشێتەوە.

سێیەم: پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی شارستانیی دەستپێبكاتەوە؛ كە بە نایاسایی و نائەخلاقیی چەندین ساڵە ڕاگیراوە.

چوارەم: چارەنووسی مووچەی مانگەكانی (١١ و ١٢) ساڵی ڕابردوو یەكلایی بكرێتەوە، كە دەسەڵاتی ماوەبەسەرچوو تاوانباری یەكەمە لە دیزەبەدەرخۆنەكردنی.

پێنجەم: بەهەمیشەییكردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە تەواوی دامودەزگا حكومییەكاندا.

لە كۆتاییدا، داواكارین مامۆستایان و فەرمانبەران و هاووڵاتییان، لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی داواكارییەكانمان؛ ساز و ئامادەبن بۆ هەڵویستی تووند و سەرتاسەریی دژی دواكەوتن و دزینی مووچەكانمان.

دڵنیابن چۆن لە ئاستی (كەزی-بڕین) بێدەنگ نەبووین؛ لەئاست مووچەبڕینیش بێدەنگ نابین.