مەسروور بارزانی: پۆستی سەرۆكکۆمار هی تاكە حیزبێك نییە و دەبێت كۆدەنگیی كوردستانی لەسەر بێت

04-02-2026 12:18

پەرەگراف - مەسروور بارزانی جەخت لەسەر دوو میكانیزم بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی هاوبەشی سەرۆككۆمار دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت "پارتی تەنیا كاتێك واز لەو مافە دەهێنێت كە كۆدەنگییەكی نیشتمانیی كوردستانی لەسەر بەربژێرێكی یەكگرتوو هەبێت، نەك تاكە لایەنێك كە براوەش نییە، بڵێت دەبێت هەر من بەربژێرەكە دیاری بكەم".

مەسروو بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگری دووەمی سەرۆكی پارتی، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی ڕووداو وتی "ئێمە ڕێز لە كاندیدی زۆرینەی پێكهاتەكانی سوننە و شیعە دەگرین، دەبێت ئەوانیش لە پرسی سەرۆكایەتیی كۆماردا ڕێز لە دەنگی زۆرینەی خەڵكی كوردستان بگرن. چۆن لایەنی براوەی شیعە و سوننە كاندیدی خۆی بۆ پۆستەكان دیاری دەكات، دەبێت لایەنی براوەی كوردیش كاندیدی بۆ سەرۆككۆمار هەبێت كە پارتییە".

مەسروور بارزانی سەبارەت بە دەستبەردابروونی پارتی لە كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، ڕایگەیاند تەنیا لە ئەگەری جێبەجێكردنی ئەم دوو میكانیزمەدا دەستبەرداری دەبن:

میكانیزمی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێك بكات و ئەو نۆ كاندیدە كوردەی كە هەن، دەنگدانیان بۆ بكرێت و كامیان دەنگی زۆرینەی هێنا، ببێتە كاندیدی هاوبەشی هەموو كوردستان.

میكانیزیمی دووەم: ئەو ئەندامانەی پەرلەمانی عێراق كە كوردن، دەنگ لەسەر كاندیدەكان بدەن، هەر كەسێك دەنگی زۆرینەی هێنا، ببێتە كاندیدی هاوبەشی هەموو كوردستان.

مەسروور بارزانی جەختی كردەوە كە "تاكە حیزبێك ناتوانێت پۆستێك بۆ خۆی قۆرغ بكات، دەبێت میكانیزمێك دیاری بكرێت كە زۆرینەی خەڵك و لایەنەكانی كوردستانی لەگەڵ بێت".