پەرەگراف - كەناڵی ئێن ئاڕ تی لە ڕاپۆرتێكدا وێنەیەكی مەلا مستەفا بارزانیی تەڵخ كردووە. لەسەر ئەو كارە، لەلایەن داواكاری گشتییەوە سكاڵایەك لە دژی جووڵێندراوە و بڕیارێك بۆ داخستنی سەرجەم نووسینگەكانی دەركراوە.
لە كۆبوونەوەی نێوان مەسروور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی كە ڕۆژی دووشەممە 02-02-2026 لە نووسینگەی مەسروور بارزانی بەڕێوەچووە، وێنەیەكی مستەفا بارزانی دەردەكەوێت كە بە دیوارەكەدا هەڵواسراوە. ئێن ئاڕ تی لە كاتی بەكارهێنانی وێنەی كۆبوونەوەكە لە ڕاپۆرتێكدا، وێنەكەی مەلا مستەفای تەڵخ كردووە.
بڕیاری داخستنی ئێن ئاڕ تی كە پێچەوانەی یاسای ڕۆژنامەگەرییە، وەكوو ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لەسەر بنەمای بڕیاری ژمارە 7ـی ساڵی 1997ـی پەرلەمانی كوردستان دەركراوە.
ئەو بڕیارەی ئومێد خۆشناو ئاماژەی پێ دەكات، تەنیا باس لە هەڵواسینی وێنەی مستەفا بارزانی لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێم دەكات، هیچ باسێكی سزا و ڕێكاری یاسایی تێدا نییە و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە كارەكەی كەناڵی ئێن ئاڕ تییەوە نییە.
ناوەرۆکی ئەو بڕیارە چییە کە ئێن ئاڕ تی پێ داخراوە
پەرەگراف بەدواداچوونی بۆ بڕیارەکە کرد و ئەمەی خوارەوە دەقی بڕیارەکەیە:
بڕیاری ژمارە: 7ـی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق (پەرلەمانی کوردستان):
پاڵپشت بە حوکمەکانی بڕگەی (1) لە ماددەی (56)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992، لەسەر بنەمای پێشنیازی ژمارەی یاسایی ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، ئەنجوومەن لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا کە لە ڕێکەوتی 02-06-1997 گرێ درا، ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دەرکرد:
١- هەڵواسینی وێنەی ڕابەر بارزانیی نەمر لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم.
٢- پێویستە لەسەر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەم بڕیارە جێبەجێ بکات.
٣- ئەم بڕیارە لە ڕێکەوتی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی «پەرلەمان» بڵاو دەکرێتەوە.