پەرەگراف - لەم یەكدوو ڕۆژەدا مووچەی مانگی یەكی هەرێم خەرج دەكرێت. وەزیری دارایی عێراق دڵنیایی دەدات كە ئەمساڵ كێشەی مووچە نابێت، بەڵام هۆشدارى دەدات لە مەترسییەکانى تێکدانى پەیوەندى لەگەڵ ئەمریکا و ئیدرەى ترەمپ.
ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بۆ كێشەكانی پەیوەست بە مووچەی هەرێم، سەردانی تیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی كردووە.
سەبارەت بە مووچەی مانگی یەك، وەزیری دارایی بەو پەرلەمانتارەی وتووە "لە وردبینیدایە و لەم دوو ڕۆژە تەواو دەبێت". واتە ئەمڕۆ یان سبەی مووچەی مانگی یەك خەرج دەكرێت.
تەیف سامی دەربارەی هۆكاری بەردەوام دواكەوتنی مووچە ڕایگەیاندووە "دەبێت سێ شتم بەدەست بگات: (ژمێرەی كۆتایی، داهاتی ناوخۆ و نووسراوی وەزارەتی نەوت سەبارەت ڕادەستكردنی نەوت). بە هەر دواخستنێكی ئەو سێ بابەتە، منیش ناچار دەبم مووچە دوا بخەم".
هاوكات وەزیری دارایی عێراق دڵنیایی داوە كە مووچەی كۆی مانگەكانی ئەمساڵ لە هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە "كێشەی نابێت"، بەو مەرجەی هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی جێبەجێ بكات.
لەگەڵ دڵنیایى لە باشیى دۆخى ئابوورى، تەیف سامى نەیشاردووەتەوە کە تێکدانى پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا مەترسیدارە و بەو پەرلەمانتارەى ڕاگەیاندووە "ئەگەر لەگەڵ ترەمپ تێك بچین، باری ئابووریمان زۆر خراپ دەبێت".
كێشەیەكی دیكەی فەرمانبەرانی هەرێم، ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەیە، كە 10 ساڵە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بە "نایاسایی" ڕاگیراوە. چاوەڕوان وەزارەتی دارایی عێراق ئەو مافەیان بۆ بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئێستا لە عێراقیش هەمان كێشە هەیە.
تەیف سامی ڕایگەیاندووە كە بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە، پلەبەرزكردنەوە و سەرەمووچە لە هەموو عێراق ڕاگیراوە. دەبێت پەرلەمان یاسای بودجە دەربكات بۆ ئەوەی كێشەكە چارەسەر ببێت.
وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاندووە، خەرجنەكردنی پارەی گەنمی جووتیارانیش پەیوەندیی بە نەبوونی سیولە (پارەی كاش)ـەوە هەیە. وەكوو ئەو دەڵێت "لەم كاتەدا كەسیش قەرزمان ناداتێ، چونكە حكومەت كاربەڕێكەرە".