پەرەگراف - دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دوو سكاڵای دژی پێناسی نوێی گومرگی ڕەت كردەوە، بە پاساوی نەبوونی مەرجی "بەرژەوەندی" لە سكاڵاكاندا.
سكاڵاكان لەلایەن هەردوو پەرلەمانتار (محەمەد جاسم خەفاجی، مستەفا جەبار سەند) لەسەر سەرۆكوەزیرانی عێراق تۆمار كرابوون. تێیدا داوایان كردبوو دادگاکە بڕیاری ژمارە (957ـی 2025)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە (پێناسی گومرگی) بە نادەستووری لەقەڵەم بدات. هەروەها فەرمانێكی بەپەلە بۆ ڕاگرتنی كاركردن بە بڕیارەكە دەربكات.
دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ بڕیاری كۆتایی لەبارەی هەردوو سكاڵاكە بە "ڕەتكردنەوە" دا، بەهۆی نەبوونی مەرجی "بەرژەوەندی" تێیاندا.
یەكێك لە مەرجەكانی تۆماركردنی سكاڵا لە دادگای فیدراڵی، ئەوەیە كە سكاڵاكار خاوەنى بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆ بێت لەو بابەتەدا کە سکاڵاى لەبارەوە تۆمار دەکات و زیانى بەرکەوتبێت.
جێبەجێكردنی بڕیاری پێناسی نوێی گومرگی لە سەرەتای ئەمساڵەوە، شەپۆلێكی ناڕەزایەتیی بەدوادا هات، لەبەر ئەوەی باجی بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیاد كردووە، هەرچەندە حكومەت ئەوە ڕەت دەكاتەوە و پێی وایە بڕیارەكە زیاتر بۆ ڕێكخستنەوە باجە و نەک زیادکردنى.
دوای ناڕەزایەتییەكان، حكومەتی عێراق بڕیاری دا گومرگی هاوردەكردن بە ڕێژەی 25% كەم بكرێتەوە، كە ئەو كاڵایانە دەگرێتەوە پێشتر لە سیستمی ئەسیكۆدا جێگیر كرابوون.
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق ڕایگەیاند، كەمكردنەوەی باج لەسەر هاوردە، بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگییە لەنێوان زیادكردنی داهات و ئاسانكردنی ڕێكارە گومرگییەكان.
هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا نەچووەتە نێو سیستمی ئەسیكۆداوە و ئەو پێناسی گومرگییەش جێبەجێ ناكات كە حكومەتی فیدراڵی لە 1ی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە كاری پێ دەكات.
ئەو كاڵایانەی لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە هاوردە دەكرێن، كاتێك دەبرێن بۆ نێوەڕاست و باشووری عێراق، جیاوازیی بەهای گومرگییان لێ وەردەگیرێت بەراورد بەوەی لە هەرێمی كوردستان لێیان وەرگیراوە، واتا بە هەردوو گومرگەكە هەمان ئەو بڕە پارەیە دەدرێت كە لە پێناسی نوێی گومرگدا جێگیر كراوە.