گەنجەكەی برادۆست لە ڕووسیا نەكوژراوە و پەیوەندیی بە باوكیەوە كرد

11-02-2026 02:13

پەرەگراف - ئەو گەنجەی دەڤەری برادۆست كە هەواڵی كوژرانی لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا بڵاو بووەوە و سەرەتای ئەم هەفتەیە كەسوكارەكەی پرسیەیان بۆ دانا، شەوی ڕابردوو تەلەفۆنی بۆ باوكی كردووە و بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

مەتین وەهابی تەمەن 22 ساڵ، دانیشتووی گوندی خراوا لە دەڤەری برادۆست، لە هەولێر كاری كردووە، بەڵام لە مانگی هەشتی 2025ـدا لەپڕ مۆبایلی دادەخرێت و بێسەروشوێن دەبێت. پاش بەدواداچوون كەسوكاری بۆیان دەردەكەوێت چووەتە ڕیزی سوپای ڕووسیاوە. دوای چوار مانگ، كەسوكاری زانیارییان پێ‌ دەگات كە لەناو سوپای ڕووسیادایە.

هەفتەی ڕابردوو هەواڵی كوژرانی ئەو گەنجە بە فەرمی لەلایەن ئیدارەی سۆرانەوە بە كەسوكاری گەیشت، پاش ئەوەی نوێنەرایەتیی عێراق و كوردستان لە ڕووسیا، بە ژمارەیەك بەڵگە ڕاپۆرتی كوژرانی ئەو گەنجەیان ئاراستەی ئیدارەكە كردبوو.

لەسەر بنەمای زانیارییەكانی ئیدارەی سۆران، كەسوكارەكەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو 07-02-2026، پرسەیان بۆ مەتین دانا و داوایشیان لە حكومەت كرد كە تەرمی كوڕەكەیان بۆ بگەڕێنێتەوە. بەڵام دوای چوار ڕۆژ لە پرسەکە، شەوی ڕابردوو مەتین پەیوەندیی بە باوکیەوە کردووە و بە تەلەفۆن قسەیان کردووە. مەتین وتوویەتی ئەو سەلامەتە و هەواڵی کوژرانی ناڕاست بووە.

كەسوكاری دەڵێن، مەتین لەلایەن گرووپێكی عەرەبەوە هەڵخەڵەتێندراوە و لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو بەبێ ئاگاداریی كەسوكاری چووە بۆ ڕووسیا.

جگە لە مەتین، چەندین گەنجى دیکەى هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى دیکەى عێراقیش لە یەکدوو ساڵى ڕابردوودا چوونەتە ڕیزى سوپاى ڕووسیا و بەشداریى شەڕى ئۆکرانیایان کردووە. پێدانى مووچەیەکى باشى مانگانە، یەکێک لە هۆکارەکانى چوونى گەنجانى وڵاتانى دیکەیە بۆ ڕیزى سوپاى ڕووسیا.