وەزیری دادی عێراق: زیاتر لە پێنج هەزار چەكداری داعش لە سووریاوە گوازراونەتەوە بۆ عێراق
پەرەگراف - زیاتر لە پێنج هەزار سەركردە و چەكداری داعش كە هاووڵاتیی زیاتر لە 60 وڵاتن، لە زیندانەكانی هەسەدە لە سووریاوە بۆ عێراق گوازراونەتەوە. هەموویان دادگایی دەكرێن و هەوڵی دیبلۆماسی بەردەوامە كە بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان، ئەمە بەپێی لێدوانی وەزیری دادای عێراق.
خالید شوانی، وەزیری دادای عێراق جەخت دەكاتەوە كە "هیچ كام لەو دەستگیركراوانەی داعش، ڕەوانەی زیندانەكانی هەرێمی كوردستان ناكرێن، چونەكە ئەمانە تیرۆریستن و لەزیندانی تایبەتدا دەبن".
دوای شەڕ و پێكدادانەكانی سووریا و هێرشی گرووپەكانی سەر بە دیمەشق بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، ئەمریكا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق ڕێككەوت بۆ گواستنەوەی زیندانیكراوانی داعش لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەوە بۆ عێراق، پاش ئەوەی مەترسیی شكانی زیندانەكان و هەڵاتنی سەركردە و چەكدارەكانی داعش هەبوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ 11-02-2026، وەزیری دادی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان وتی "تا ئێستا پێنج هەزار و 46 زیندانیكراوی داعشمان لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە ڕادەست كراوە و ڕەنگە بگاتە نزیكەی شەش هەزار. هەموویان لە زیندانێكی دیاریكراو لە بەغداد لەژێر چاودێریی تونددا دەبن".
بەپێی قسەی خالید شوانی، هەموو ئەو زیندانیكراوانەی داعش لە عێراق دادگایی دەكرێن. "دەستەیەكی دادوەریی تایبەتمەند بە سەرپەرشتیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری" بۆ ئەو پرسە پێكهێنراوە.
هەروەها وەزیری داد ئاماژەی بەوە دا كە هەوڵی دیبلۆماسیی هاوبەش لەلایەن عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشەوە بەردەوامە بۆ ئەوەی داعشە بیانییەكان لەلایەن وڵاتەكانیانەوە وەربگیرێنەوە.
"ئەو دەستگیركراوانەی داعش كە لە سووریاوە ڕەوانەی عێراق كراون، هاووڵاتیی زیاتر لە 60 وڵاتن. زۆرینەیان سوورین، پاشان هاووڵاتیی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیكەی جیهان"، خالید شوانی وای وت.