حەوت ملیۆن حەب‌و دەرزیی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیرا

09-06-2019 03:15
ئەو حەب‌و دەرزییانەی دەستیان بەسەردا گیراوە.


پەرەگراف

ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی دەستگیركردنی چوار بازرگانی مادەی هۆشبەرو دەست بەسەردا گرتنی نزیكەی حەوت ملیۆن حەب‌و دەرزیی هۆشبەری ڕاگەیاند كە سەرجەمیان قەدەغەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، شەوی 7ی ئەم مانگە هێزەكانیان لە بۆسەیەكدا لە بازگەی بانی مەقان دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێكی جۆری مونشائەدا گرتووە كە ئەو حەب‌و دەرزییە هۆشبەرانەی تێدا بووە.

"لەهەمان كاتدا چوار كەس بەتۆمەتی بازرگانی كردن بەومادانەوە دەستگیركراون كەویستویانە ئەومادانە لە پارێزگای سلێمانییەوە بگوازنەوە بۆ بەغدادی پایتەختی عێراق، لەئێستادا سەرجەم مادەكان دەستیان بەسەردا گیراوە و ئەو چوار كەسەش بەڕەگەز عەرەبن كە تۆمەتبارن بە بازرگانیكردن بەو مادانەوە" ڕاگەیەندراوەكەی ئاسایش وادەڵێت.

ئاسایش ئەوەشدەخاتە ڕوو، ئەو تۆمەتبارانە بە بڕیاری دادوەر بەندن و لێكۆینەوە لە دۆسیەكەدا بەردەوامە، هاوكات كۆی ئەوحەپ و مادانەی كەدەستیان بەسەردا گیراوە نۆ جۆرن.

ماددە هۆشبەرەكان، كە بە "تیرۆری سپی" دەناسرێن، ساڵانە دەیان گەنج و هاوڵاتی كورد بەرەو سەرگەردانی دەبەن.

عەمید جەلال مینەبەگ، بەڕێوەبەری هۆبەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی پێشتر لە بەدواداچوونێكیدا بە پەرەگراف-ی وت"لەساڵی ڕابردوودا بە فەرمانی دادوەر 240 كەس بەتۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون، ئەوەش كەمیكردووە بەراورد بەساڵی 2017، كە ژمارەی دەستگیركراوان 310 كەس بوون".

ئەو كەسانەی دەستگیركراون؛ هەندێكیان تاك و بەشێكیان لە شێوەی باند و گروپدا بون، ماددەكانی تلیاك، حەشیش، هیرۆیین و شیشە(كریستاڵ)یان پێبووە، تەواوی ماددەكانیش لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردەكراون و تەنیا یەك كێڵگەی ماددەی هۆشبەر لە جۆری گیای گراس دەستی بەسەرداگیراوە، بەپێی ئامارەكانی ئاسایش.