نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەو دوو سیناتۆرە ئەمەریکییە کۆبووەوە کە پڕۆژەیاسای پاراستنی کوردیان پێشکەشی کۆنگرێس کرد

14-02-2026 03:03

پەرەگراف – نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیندسی گراهام و ڕیچارد بلومێنتاڵ ئەو دوو سیناتۆرە ئەمەریکییە کۆبووەوە کە پڕۆژەیاسای پاراستنی کوردیان پێشکەشی کۆنگرێس کرد، کۆبوونەوەکە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە لە کۆنگرێس.

لە دوای کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کە "خۆشحاڵ بووم بە بینینی هاوڕێم سیناتۆر لیندسی گراهام و شاندی یاوەری لە کۆنگرێس"، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە سوپاسگوزارە بۆ "ڕۆڵی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پشتگیریکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەماندا."

 ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرنجی کۆنگرێس بۆ پاراستنی کوردەکان لە سووریا رووی لە زیادبوونەو کۆتایی مانگی ڕابردوو گراهام و بلومێنتاڵ پڕۆژەیاسای "پاراستنی کوردەکان"یان پێشکەش کرد، کە هەنگاوێکی هاوبەشی هەردوو حیزبی کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمەریکایە وەک وەڵامێک بۆ هێرشی بەردەوامی هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).

پڕۆژەیاسا پێشنیارکراوەکە هەوڵ دەدات سزا بەسەر بەرپرسانی حکومەتی سووریا، دامەزراوە داراییەکان و ئەو کەسایەتییە بیانییانەدا بسەپێنێت کە تێوەگلاون لە مامەڵەی سەربازی یان دارایی لەگەڵ دیمەشق. هەروەها بە فەرمی هەسەدە دەناسێنێت بەهۆی ڕۆڵیان لە پاڵ هێزەکانی ئەمریکا لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش و دووبارە ناساندنەوەی "دەستەی تەحریری شام" وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی.

لە کاتی هەڵمەتی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا دژی داعش، هەسەدە ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا و قوربانییەکی زۆری دا لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچە بەرفراوانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئەگەرچی داعش کۆنترۆڵی خاکی لەدەستداوە، بەڵام ناوچەکە هێشتا ناسەقامگیرە.

یاسادانەرانی ئەمەریکا هۆشداری دەدەن کە بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر هەسەدە هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە دەکات و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش زیاد دەکات. هەروەها هۆشداری دەدەن کە ئەم کارانە دەبێتە هۆی پەکخستنی پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع.

بڕگە سەرەکییەکانی "یاسای پاراستنی کوردەکان" بریتین لە: پێویستبوونی ڕەزامەندی کۆنگرێس پێش لابردنی ناوی سووریا لە لیستی وڵاتانی پشتگیریکەری تیرۆر، پێدانی دەسەڵات بە سەرۆک بۆ هەڵپەساردنی سزاکان ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر هەسەدە ڕاوەستان، و میکانیزمێکی "گەڕانەوەی خێرا" (Snapback) کە فەرمانی سەپاندنەوەی دەستبەجێی سزاکان دەدات ئەگەر توندوتیژی دەستی پێکردەوە.

پشتگیریکارانی پڕۆژەیاساکە دەڵێن پاراستنی هاوپەیمانەکان لەسەر زەوی کارێکی بنەڕەتییە بۆ ڕێگریکردن لە خۆڕێکخستنەوەی داعش و پاراستنی سەقامگیری لە سووریای دوای شەڕدا.