پەرەگراف - مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، کورد خوازیارە ناوچەکانی خۆی لەناو سووریادا بەڕێوە ببات. ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ قسەکانی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، کە ڕایگەیاندبوو کورد بە فەرمی داوای ئۆتۆنۆمی (خۆبەڕێوەبەری)یان نەکردووە.
عەبدی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئاماژەی بەوە کرد کە مەسەلەکە پەیوەستە بە دەستەواژەکانەوە و وتی "دەوڵەتی سووریا کێشەی لەگەڵ چەمکە دیاریکراوەکان هەیە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت فەرمانڕەوایی هەرێمیی کوردی بکەین، جا هەر ناوێکی لێ بنرێت." وتیشی "ئەولەویەت ئەوەیە کورد ناوچەکەی خۆی بەڕێوە ببات".
عەبدی ئاماژەى بەوەش کرد کە لەمیانی کۆنفرانسەکەدا بەشداریی چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندە نێودەوڵەتییەکان کردووە، لەنێویاندا گفتوگۆکان بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا.
سەبارەت بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی کورد، فەرمادەى گشتیى هەسەدە ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی میونشن ڕەنگدانەوەی کۆدەنگییەکی فراوان بوون. لەوبارەیەوە وتی "پشتیوانییەکی بەرفراوان هەیە بۆ ئەوەی کورد مافەکانی بەدەست بهێنێت و پارێزگاری لە دۆخی تایبەتی ناوچە کوردییەکان بکرێت، گرەنتیی ئەوە بکرێت کە ئەو ناوچانە نەکرێنە ئامانج، هەروەها ڕێگە بە کورد بدرێت خۆیان بەڕێوە ببەن".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە مشتومڕ و گفتوگۆ لەسەر داهاتووی سیستەمی سیاسیی سوریا و پێگەی ئیدارەی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بەردەوامە.