ناوەرۆکى کۆبوونەوەى حیزبى دەعوە و بارزانى: پەلە بکرێت لە پێکهێنانى حکومەت

21-02-2026 04:42

پەرەگراف - شاندێكی باڵای حیزبی دەعوە سەردانی مەسعود بارزانیی كرد. لە كۆبوونەوەكەدا جەخت كراوەتەوە كە "پەلە بكرێت لە تەواوكردنی شایستە دەستوورییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لە چوارچێوەیەكی یاسایی و دەستووریدا".

كۆبوونەوەكە نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 21-02-2026 لە پیرمام بەڕێوە چوو. بارەگای بارزانی دەڵێت "بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا. جەخت لە پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان لایەنەكان بۆ تێپەڕاندنی گرفت و ئالنگارییەكان كرایەوە".

حزبی دەعوەی ئیسلامییش كە نووری مالیكی سەرۆكایەتیی دەكات، لەبارەی كۆبوونەوەكەوە دەڵێت "پرسی شایستە دەستوورییەكان تاوتوێ كرا. لەگەڵ گفتوگۆكردن دەربارەی میكانیزمەكانی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز و بەتوانا، كە بتوانێت داخوازییەكانی هاووڵاتیان بەدی بهێنێت و سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا بەهێز بكات".

سەردانەكەی شاندی حیزبی دەعوە بۆ لای پارتی لە كاتێكدایە كە نووری مالیكیی سەرۆكی حیزبەكە و كاندیدی شیعە بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەهۆی ڤیتۆی ئەمریكاوە ڕووبەڕووی قەیرانێكی سیاسی گەورە بووەتەوە.

لە دوای پەیامەكەی ترەمپ دژی نووری مالیكی، هەوڵەكانی مالیكی و دۆستەكانی بۆ هەڵگرتنی ڤیتۆی ئەمریكا بێ‌ ئەنجام بوون و ئەمریكا سوورە لەسەر دوورخستنەوەی. ئەمەش خەریكە كۆدەنگییەكی ناچاری لەناو سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ گۆڕینی كاندیدەكەیان دروست دەكات.