ڕووداوێكی مێژوویی لە پەرلەمانی توركیا: پرۆژەیاسایەك بە هەردوو زمانی كوردی و توركی قبووڵ كرا

21-02-2026 09:33

پەرەگراف - لە وەرچەرخانێكی گرنگدا بۆ مافە زمانەوانییەكان لە توركیا، بۆ یەكەم جار لە مێژووی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا، پرۆژەیاسایەك كە بە هەردوو زمانی توركی و دیالێكتی كرمانجكی (زازاكی)ـی زمانی كوردی ئامادە كرابوو، بە فەرمی وەرگیرا و كاری لەسەر كرا.

ڕووداوەكە هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك ٢١ی شوبات -كە ڕۆژێكە بۆ گرنگیدان بە فرەچەشنیی زمانەوانی و مافی زمانی كەمینەكان لە جیهاندا- لەلایەن پەرلەمانتارانی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەمپارتی) پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرا و ئەوانیش بەبێ هیچ ڕێگرییەك قبووڵیان كرد.

ئەم پرۆژەیاسایە لەلایەن پەرلەمانتارانی دەمپارتی (ساڵحە ئایدەنیز، ئایتەن كۆردوو، عەدالەت كایا، جەنگیز چیچەك و عومەر فارووق هۆلاكۆ) ئامادە و پێشكەش كرا. ئامانجی پرۆژەكە پاراستن و گەشەپێدانی دیالێكتی كرمانجكییە (كە بە زازاكی، دیملی یان كردكی-یش دەناسرێت)، كە ئێستا ڕێكخراوی یونسكۆ (UNESCO) وەكوو یەكێك لەو زمانانەی "لەژێر مەترسیی لەناوچووندایە" پۆلێنی كردووە.

بەگوێرەی ڕەشنووسەكە كە بە پشتیوانیی "ئەنجومەنی زمانی كرمانجكی (زازاكی)" ئامادە كراوە، پاراستنی ئەم دیالێكتە وەك كەلەپوورێكی كولتووری و مێژوویی، بەرپرسیارێتییەكی بنەڕەتیی دەوڵەتە. پەرلەمانتاران ئاماژەیان بەوە داوە كە دامەزراوە و بڕگە یاساییە جێبەجێكراوەكانی ئێستا، بۆ پاراستنی ئەم زمانە بەس نین.

پەرلەمانتاران ئاماژەیان بەوەش كرد، هەرچەندە هەندێك دەستپێشخەریی سنوورداری پەروەردەیی و میدیایی هەن -وەك وانە بژاردەكان لە زانكۆكانی مونزور و بێنگۆل (چەولیك)، پەخشە كرمانجكییەكانی كەناڵی TRT Kurdî و هەندێك ئاژانسی وەك JINNEWS، ئاژانسی وەڵات و ئازادیا وەڵات- بەڵام ئەم هەنگاوانە زۆر كەمترن لەوەی كە بۆ مانەوەی زمانەكە پێویستە.

بۆ چارەسەركردنی ئەم كەموكووڕیانە، پرۆژەیاساكە داوای پێكهێنانی بەپەلەی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی دەكات بۆ لێكۆڵینەوە لە چوار بواری سەرەكی:

- دیاریكردنی ئەو ناوچانەی كە تێیدا بە دیالێكتی كرمانجكی قسە دەكرێت، بە پشتبەستن بە داتا فەرمییەكان.

- دەستنیشانكردنی هۆكارەكانی چارەسەرنەكردنی كێشەی كەمیی مامۆستای زمانی كرمانجكی.

- دیاریكردنی ئەو كۆسپە دامەزراوەیی و یاساییانەی كە ڕێگرن لەبەردەم خوێندن بە زمانی دایك.

- هەڵسەنگاندنی یاساكانی ئێستا بۆ هاندانی بەكارهێنانی زمانەكە لەناو دامەزراوە فەرمییەكاندا.

چاودێران قبووڵكردنی ئەم ڕەشنووسە وەك ساتێكی مێژوویی لە كایەی سیاسی و كولتووریی توركیادا وەسف دەكەن. ئەمە یەكەمین حاڵەتە كە تێیدا دەقێكی فەرمیی پەرلەمانی كە زمانێكی جگە لە توركیی تێدا بێت، بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕەت بكرێتەوە یان ئاستەنگی بۆ دروست بكرێت، كاری لەسەر بكرێت.