پەرەگراف - پارێزگاری كەركووك ماڵە دەركراوەكەی گەڕاندنەوە ناو خانووەكەیان لە گەڕەكی نەورۆز و دەڵێت "ئەوەی ڕووی داوە، ئەوەیە كە چەند ئەفسەرێكی ناو سوپا چاویان لەسەر ئەم خانووانە بووە". ڕێبوار تەها جەختیش دەكاتەوە كە بابەتی ئەو خانووانە دەكەوێتە دەستی دیوانی پارێزگای كەركووك و سوپا بەیەكجاری گەڕەكەكە چۆڵ دەكات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ مەفرەزەیەكی سوپای عێراق بە گەڕەكی نەورۆزی كەركووكدا بڵاوبوونەوە و چوونە سەر چەند ماڵێكی كورد و لە خانووەكانیان دەریان كردن. دیمەنی دەركردنی پیاوێكی كورد بەزۆر و پاڵپێوەنانی، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. دواتر پارێزگاری كەركووك خۆی چووە شوێنی ڕووداوەكە.
ڕێبوار تەها، پارێزگاری كەركووك، خێزانە دەركراوەكەی لەگەڵ خۆیدا هێنایەوە ناو خانووەكەیان و ڕایگەیاند "خێزانەكانی دیكەش دەگەڕێنەوە ناو خانووەكانیان و سوپای عێراق بە تەواوی دەكشێتەوە".
پارێزگاری كەركووك جەختی كردەوە كە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆكئەركانی سوپای عێراق لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون ئیدارەی خانووەكان لای دیوانی پارێزگا بمێنێتەوە. وتیشی "تەنیا دوو خانوو كێشەیان لەسەر دەمێنێت، ئەوانیش من خۆم وەك پارێزگار چارەسەری دەكەم".
وەكوو ڕێبوار تەها ئاماژەی پێ دا، ئەو خانووانەی گەڕەكی نەورۆز تاپۆ نین و موڵكدارییەكەی هی دەوڵەتە، بەڵام دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە 2003، خەڵك چوونەتە ناویان.
"ئێستا دەمانەوێت بەپێی بڕیاری ژمارە 320 مامەڵەیان لەگەڵ بكەین. هەوڵ بدەیت خانووەكان بۆ ئەو خێزانانە تەملیك بكەین"، پارێزگاری كەركوو وای وت.
كێشەی ئەو خانووانە چەند ساڵێكە لەنێوان دانیشتووانەكەی و سوپای عێراق كە خۆی بە خاوەنی دەزانێت، سەری هەڵداوەتەوە. چەند جارێك گرژیی لێ كەوتووەتەوە. تا ئێستا چارەسەرێكی یاسایی یەكلاكەرەوە بۆ ئەو بابەتە نەكراوە و دادگا دۆسیەكەی یەكلا نەكردووەتەوە.