پێنج حیزبی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هاوپەیمانێتییەکیان بۆ "ڕووخاندنى کۆمارى ئیسلامیى ئێران" ڕاگەیاند

22-02-2026 05:40

پەرەگراف - پێنج حیزبی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هاوپەیمانێتییەكیان بۆ خەباتی هاوبەش وەكوو "پێویستییەكی دۆخی سیاسیی ئێستای ئێران" ڕاگەیاند. "ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران و داڕشتنەوەی ئێرانی داهاتوو" بە ئامانجی سەرەكیی خۆیان ناو دەبەن.

ئەمڕۆ یەكشەممە 22-02-2026، پاش كۆبوونەوەی سەركردەكانیان، هەریەك لە (پارتی ئازادیی كوردستان، پارتی ژیانی ئازادی كوردستان، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) لە بەیاننامەیەكدا "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران"ـیان ڕاگەیاند.

هاوپەیمانییەكە لە یەكەم ڕاگەیەندراویدا دەڵێت "ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی هیچ شەرعییەتێكی سیاسیی بۆ نەماوەتەوە، بەڵام مخابن، بەهۆی پەرتەوازەیی هێزە سیاسییە دژبەرەكانی، ڕاوەستاو بووە".

ئەو حیزبانە ڕایدەگەیەنن كە "وزە و ڕیزەكانی خەباتگێڕیی" خۆیان یەك خستووە، بە ئامانجی "یەكڕیزی و هاوخەباتیی پتر بۆ پەرەدانی زیاتر بە بزووتنەوەی سیاسیی كورد لە ئێران، پێدانی قورسایی و دەوری زیاتری كوردستان و بزووتنەوە سیاسییەكەی لە خەبات دژی كۆماری ئیسلامی".

یەكەم ڕاگەیەندراوی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران:

خەڵكی خەباتكاری كوردستان!
حیزب و لایەنە سیاسییە كوردستانی و ئێرانییەكان!
ئازادیخوازان و خەباتگێڕانی سەرانسەری وڵات!

بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەیان ساڵە بە شێوەی ڕێكخراو و بەردەوام دژی سەرەڕۆیی و دەسەڵاتی دیكتاتۆریی ناوەندگەرا لەپێناو مافە نەتەوەیی و سیاسییەكانی خۆیدا خەبات دەكات. كوردستان دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامییش هەر سەنگەر و ناوەندی سەرەكیی خەبات و خۆڕاگری دژی ئەو ڕێژیمە سەركوتگەرە بووە. كوردستان لەو ماوەیەدا تێچوویەكی زۆری بۆ خەبات و خۆڕاگرییی خۆی داوە. شەڕی بەسەردا سەپاوە، دەیان ڕێبەریی سیاسیی ئێعدام و تێرۆر كراون، هەزاران ڕۆڵەی خەباتكار و چالاكیی سیاسیی شەهید بوون و لە زیندانەكاندا گیانیان لێ ئەستێندراوە، كوردستانیش وەك جوغرافیایەكی داگیركراو میلیتاریزە كراوە و بە سیاسەتی سەركوت و تاڵان‌وبڕۆ لەلایەن حكوومەتی كۆماری ئیسلامییەوە ئیدارە كراوە.

ئێمە ئەم حیزبە سیاسییانەی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران"مان واژۆ كردووە، بە پشتبەستن بە مێژووی خەبات و تێكۆشانمان و بە سەرنجدان بە پێویستییەكانی وەڵامدانەوە و خۆدیتنەوە لە دۆخی سیاسیی ئیستای ئێراندا كە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی هیچ شەرعییەتێكی سیاسیی بۆ نەماوەتەوە، بەڵام مخابن بەهۆی پەرتەوازەیی هێزە سیاسییە دژبەرەكانی ڕاوەستاو بووە؛ لە كوردستان وزە و ڕیزەكانی خەباتگێڕیی خۆمان یەك خستووە و هاوپەیمانییەكی سیاسیمان ڕاگەیاندووە. مەبەستی سەرەكیی ئەم هاوپەیمانییە كە پاش قۆناغی گۆڕینەوەی بیروڕا و كاری مەیدانی لە "ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوكاری"دا پێك‌هاتووە، یەكڕیزی و هاوخەباتیی پتر بۆ پەرەدانی زیاتر بە بزووتنەوەی سیاسیی كورد لە ئێران و پیدانی قورسایی و دەوری زیاتری كوردستان و بزووتنەوە سیاسییەكەی لە خەبات دژی كۆماری ئیسلامی، دەستەبەركردنی ماف و ئازادییەكانی خەڵكی كوردستان و چۆنیەتیی داڕشتنەوەی ئێرانی داهاتوویە.

ئامانجە سەرەكی و هاوبەشەكانمان لەو هاوپەیمانییەدا خەبات بۆ ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەدیهێنانی مافی دیاریكردنی چارەنووسی كورد و بنیاتنانی دامەزراوەیەكی نیشتمانی و دێموكراتیك لەسەر بنەمای ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانە. ئێمە بە پشتیوانی لە خەبات و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی نەتەوەكانی ئێران دژی كۆماری ئیسلامی لەو قۆناغەدا پێ لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و هاوخەباتی سیاسیی و مەیدانیی نێوان حیزبە سیاسییەكان و ڕێكخراوە مەدەنییەكانی كوردستانی ئێران لەگەڵ حیزب و ڕێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكانی بەشەكانی دیكەی ئێران دادەگرین. ئێمە وێڕای داكۆكی لە شكڵگرتنی قۆناغێكی گواستنەوەی دێموكراتیك و گشتگیر، بنەمای هەر هاوكاری و هاوپەیمانییەكمان لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بە رەسمییەت ناسینی مافی نەتەوەیی نەتەوەكان، قبووڵكردنی دێموكراسی و ڕەتكردنەوەی هەر جۆرە دیكتاتۆرییەك دەبێت.‌

ئێمە لەو هاوپەیمانییەدا باوەڕمان بە پاراستنی ژینگە و دادپەروەریی كۆمەڵایەتیی، مافی یەكسانی ژنان و پیاوان، چەسپاندنی هەڵبژاردنی ئازاد، دابینبوون و دەستەبەركردنی مافە بنەڕەتییەكانی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان و بە دامەزراوەكردنی سیستمی بەڕێوەبەری و دێموكراتیك لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەیە. هاوكات لەگەڵ ئەوە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی نیزامێكی سیاسیی دێموكراتیك و سێكۆلار لە ئێران كە مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جۆراوجۆرەكانی ئەو وڵاتە دەستەبەر بكات؛ بە ئەركی خۆمان دەزانین.

ئێمە باوەڕمان وایە لە ئێستادا پتر لە هەركاتێك یەكیەتیی سیاسی و هاوگوتاری لایەنە سیاسییەكان و تێكۆشانی هاوبەشی مەیدانییان مەرجی بەهێزكردنی پێگەی كورد لە هاوكێشە سیاسییە بەردەوام بگۆڕەكانی ئێرانە. بۆیە ئامادەی هاوكاری كردنین لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەكانی دەرەوەی هاوپەیمانییەكەمان و هەموو خەڵكی كوردستانیش بۆ خۆدیتنەوە لە هاوپەیمانییەدا بانگهێشت دەكەین.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران

٣/١٢/١٤٠٤ (٢٢/٢/٢٠٢٦)
***
ئەندامانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران پێكهاتوو لە:
- پارتی ئازادیی كوردستان
- پارتی ژیانی ئازادی كوردستان
- حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
- سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان