دوای تەلەفۆنێكی بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ؛ پارتی‌و یەكێتی ڕێككەوتن

03-04-2019 05:26


پەرەگراف

پارتی‌و یەكێتی گەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر پۆستەكانی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەت، وەك یەكەم هەنگاویش یەكێتی ئەمڕۆ بۆیەكەمجار بەشداربوو لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان.

ڕێككەوتنەكە دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان مەسعود بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ هات كە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجامدراوە، وتەبێژی یەكێتی دەڵێت"دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی دڵسۆزانەو دۆستانەو مشورخۆرانە لە نێوان هەردوو بەڕێزان جەنابی كاك مەسعود‌و كاك كۆسرەت توانیمان بگەینە تەفاهوم‌و لێكتێگەیشتنێكی بنەڕەتیی هاوبەش بۆ شوێن‌و پێگەی یەكێتی لە سیستمی حوكمڕانی كوردستان."

لەتیف شێخ عومەر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا كە دوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی ئەنجامیدا، ئەوەشی خستەڕوو، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی واژۆ دەكەن، وتی"ئەمڕۆش بۆ دەستپێكردنی پڕۆسەكە بڕیاردرا فراكسیۆنی یەكێتی بۆیەكەمجار بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان بكات."

وتەبێژەكەی یەكێتی ئامادەنەبوو ئەو پۆستانە ئاشكرا بكات كە وەك پشكی حیزبەكەی لەسەری ڕێككەوتوون، تەنها ئەوەندەی وت"گەیشتووینەتە تەفاهومێكی هاوبەش‌و كێشەمان نەماوە لەسەر ئەو پرسانە"، وتیشی"ئەو مەبدەئەی ئێمە داوامانكردووە پارتی قبوڵی بووە كە بەشداری كاریگەری یەكێتییە لە هەموو جومگەكان بە سەرۆكایەتییەكانەوە، ئەوە جێگیر بووە."

پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی باڵاوە زانیویەتی، بەپێی لێكتێگەیشتنەكەی پارتی‌و یەكێتی كە ڕێككەوتنی كۆتایی نێوانیانی لێكەوتەوە، جگە لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگری سەرۆكی حكومەت، "5 وەزارەت بۆ یەكێتی دانراوەو پۆستێكیش لە سەرۆكایەتی هەرێم زیاد دەكرێت(بەناوی جێگر یان یاریدەدەری سەرۆك) دەدرێت بە یەكێتی."

پۆستەكانی دیكەش لە خوار وەزیرەوە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، كە بریكاری وەزیرو سەرۆكی دەستەكان‌و نوێنەرایەتییەكانی هەرێمن لە دەرەوە.

185 ڕۆژە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراوەو دوای زیاتر لە 10 كۆبوونەوە پارتی‌و یەكێتی نەگەیشتنە ڕێككەوتن، لێكتێگەیشتنەكەی ئەمڕۆیان دوای پەیامێكی مەسعود بارزانی هات كە ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە یەك چركەی دیكە چاوەڕێ ناكەن‌و پەرلەمان كارەكانی دەستپێدەكات‌و بەمزووانە سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت‌و حكومەتی نوێ پێكدێت.

ئەو وتانەی بارزانی لە میانی وتارێكیدا هات لە كردنەوەی 14هەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر، بارزانی لە وتارەكەیدا ئەوەی خستەڕوو، زۆر ئارامیان گرتووەو دەرفەتی پێویست دراوە بۆ ئەوەی حكومەت لە هەموو لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن پێكبێت، وتی"تائێستا ئەو هیوایەمان هەیە كە حكومەت لەلایەنە جیاوازەكانی براوەی هەڵبژاردن پێكبێت، بەڵام بە ڕوونی دەیڵێم لە ئەمڕۆوە یەك چركەی دیكە چاوەڕێ ناكەین‌و پشتیوان بەخوا بەمزووانە حكومەتی نوێ پێكدێت."

سەرۆكی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا گەیشتوونەتە قۆناغێك كە هیچ بیانوویەك نەماوەو كاتی چاوەڕوانی كۆتایی هاتووە، وتیشی"پەرلەمان دەست دەكات بە كارەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم‌و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن. لەم ساتەوە هیچی دیكە چاوەڕێ ناكەین‌و كارەكانمان دەستپێدەكەین."

تائێستا تەنها لە نێوان پارتی‌و گۆڕان ڕێككەوتن واژۆ كراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌و دابەشكردنی پۆستەكان، ئەو دوو حیزبە پێكەوە لە پەرلەمان هەنگاوی هاوبەشیان دەستپێكردووەو لەسەر ئەو بنەمایە ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم دەستیپێكردو یەكێتیش بەشداریی لە كۆبوونەوەكەدا كرد.

بڕیاربوو ئەو كۆبوونەوەیەی پەرلەمان دوێنێ بكرایە، بەڵام دواخرا بۆ ئەمڕۆ تا دەرفەت بدرێت بە ڕێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی.

بەپێی پڕۆژە یاساكە، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارا دەكرێتەوەو سەرۆك لە پەرلەمان هەڵدەبژێرێت، تائێرە پارتی‌و گۆڕان هاوڕاو كۆكن، بەڵام لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم‌و جێگرەكەی نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن‌و هەمان دەسەڵاتەكانی پێشوویان دەبێت، گۆڕانكاریی لە دەسەڵاتەكان هێڵراوەتەوە بۆ كاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان.