پەرەگراف
مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، بەهەموو توانایەوە پشتیوانیی نێچیرڤان بارزانی دەكات لە پۆستە نوێیەكەیدا وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
بارزانی لە وتارێكدا كە لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی پێشكەشیكرد سەرباری پیرۆزبایی، پشتیوانیی بۆ سەرۆكی نوێی هەرێم دەربڕی، ئەوە یەكەم پیرۆزبایی بارزانییە لە نێچیرڤان بارزانی دوای ئەوەی 28ی مانگی ڕابردوو لە پەرلەمانی كوردستان وەك سەرۆك هەڵبژێردرا.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانو سەرۆكی پێشووی هەرێم، لە وتارەكەیدا ئەوەی خستە ڕوو، لە سبەینێوە هەنگاوەكانی دامەزراندنی حكومەتی هەرێم دەست پێ دەكات، وتی "من پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەكەم، وە داوای سەركەوتنی بۆ دەكەمو بە هەموو توانایەك پشتگیریی دەكەم".
بارزانی داوای لە حكومەتی هەرێمو بەغداد كرد كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن، بەتایبەت لە ناوچە دابڕاوەكان، وتی "داعشو بیری داعش ماوە، بۆیە پێویستی بە وریاییو هەماهەنگیی تەواو هەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوە".
لەبارەی كێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بارزانی ڕووەو حیزبەكان وتی "بەگیانی برایەتیو هەستكردن بە مەسئولیەت كێشەكانی ناوخۆ چارەسەر بكەن".
مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، نێوەڕۆی ئەمڕۆ بە بەشداریی شاندی باڵای لایەنەكانی هەرێم و وڵاتانی دراوسێ و باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتانی جیهان دەستی پێ كرد.
مەراسیمەكە كۆبوونەوەیەكی ئاسایی پەرلەمانی كوردستانە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر كە بۆ سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕێكخراوە.