پەرەگراف - وەزارەتى دارایى هەرێمى کورستان، لیستی مووچەى مانگى دوو و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەى داهات و خەرجى ڕەوانەی بەغداد دەکات. دواى ئەم هەنگاوە، زوو ڕەوانەکردنى 120 ملیار دینار داهاتى نانەوتى، گرەنتیى هاتنى مووچەیە.
وەزارەتى دارایى و ئابووریى هەرێم ڕایگەیاند "ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (٢٣ـی شوباتی ٢٠٢٦) لیستی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێم و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی کانوونی دووەم، لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتەوە ڕەوانەی بەغداد دەکرێت. سبەی سێشەممە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دەکرێت".
خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان پەیوەستە بە جێبەجێکردنى چوار مەرج و پابەندی لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە. بە ناردنى (لیستى مووچە و تەرازووى پێداچوونەوە)، دوو لە مەرجەکان بەدى دێن.
مەرجى سێیەم کە دڵنیابوونە لە ڕادەستکردنى نەوت لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە. مانگانە وەزارەتى نەوتى عێراق بە نووسراوێک وەزارەتى دارایى فیدراڵ لەوە دڵنیا دەکاتەوە. لە ئێستاشدا هیچ گرفتێک لەلاى هەرێمەوە لەم پابەندییەدا نییە.
ئەوەى دەمێنێتەوە تەنیا ڕادەستکردنى 120 ملیار دینار داهاتى نانەوتیى هەرێمى کوردستانە. لەوبارەیەوە پەرلەماتارانى کورد لە پەرلەمانى عێراق لە ڕۆژانى ڕابردوودا داوایان لە حکومەتى هەرێم کرد کە زوو داهاتى نانەوتى ڕادەستى بکات، بۆ ئەوەى هیچ پاساوێک بۆ دواخستنى مووچە نەمێنێت.