حکومەتى هەرێم: ئەولەویەت بە ناردنى ١٢٠ ملیار دینارەکە دەدرێت

25-02-2026 07:20

پەرەگراف - ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری دا ئەولەویەت بە ناردنی ١٢٠ ملیار دینارەكە بۆ بەغداد بدرێت، پێش هەر خەرجییەكی دیكە و دەڵێت "تاوەكوو هیچ پاساوێك بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەمێنێتەوە بۆ دواخستنی خەرجكردنی مووچەی مانگی شوبات و مانگەكانی دیكەش".

دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو لە عێراق دەستی پێ كردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش زۆرینەی پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ كردوووە، لەوانە ناردنی لیستی مووچە و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، تەنیا ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی ماوە بۆ ئەوەی مووچەی هەرێمیش لە كاتی خۆیدا خەرج بكرێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دووپاتی دەكاتەوە كە حكومەتی فیدراڵ نەك تەنیا مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵكوو پێویستە بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی فیدراڵ بەپێی ڕێژەی 14.1%ـی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق بنێرێت.

"هەرێمی كوردستان پابەندیی نەوتی و دارایی خۆی بە تەواوی جێبەجێ كردووە و لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمەوە بێ كەموكوڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كراوە"، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم وا دەڵێت.

نوێ‌ دەكرێتەوە...