پەرەگراف - وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەبارەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بەپێی سەرژمێرییەكەی ساڵی 2024، وەڵامی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ڕێژەی دانیشتووانی ڕاستەقینەی هەرێم 12.68%ـە، نەك 14.14 كە حكومەتی هەرێم دەڵێت.
وەزارەتەكە پاش كۆبوونەوەیەكی لە ڕۆژی چوارشەممە 25-02-2026، لە ڕاگەیەندراوێكدا باس لە میكانیزمی هەژماركردنی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاكانی هەرێم دەكات و دەڵێت "وەزارەت زیاتر لە (٢٠) خشتەی تێروتەسەلی ئەنجامەكانی سەرژمێریی پێشكەش بە حكومەتی هەرێم كردووە، كە زانیاری دانیشتووان لەسەر ئاستی پارێزگا، قەزا، ناحیە، گەڕەك و گوند لەخۆ دەگرن".
ڕاگەیەندراوەكە پاش ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دێت كە تێیدا بۆ چەندەمین جار حكومەتی هەرێم داوا دەكات كە "پێویستە حكومەتی فیراڵ بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی فیدراڵ بەپێی ڕێژەی 14.1%ـی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق بنێرێت".
وەزارەتی پلاندانانی عێراق دان بەوەدا دەنێت كە بەپێی سەرژمێرییەكە "ڕێژەی كۆی گشتیی دانیشتووانی هەرێم 14.14% كۆی دانیشتووانی عێراقە"، بەڵام ئاماژە بە ڕێككەوتنێك دەربارەی "هەژماركردنی كۆتایی ژمارەی دانیشتووان"، دەكات كە "پێش ئەنجامدانی سەرژمێرییەكە لەسەر داوای نوێنەرانی هەرێمی كوردستان" كراوە.
وەكوو وەزارەتەكە باسی دەكات، هەردوولا ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی كە ئەو كەس و خێزانانەی كە ئێستا نیشتەجێی هەرێمن و شوێنی نیشتەجێبوونی پێشوویان پارێزگاكانی دیكەی عێراق بووە، لەسەر پارێزگاكانی پێشوویان هەژمار بكرێن نەك هەرێم.
"ئەم بابەتە پێشتر لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران (01-10-2024) و كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی كۆمار (31-10-2024)، بە ئامادەبوونی سەرۆككۆمار، سەرۆكوەزیران و نوێنەرانی نێودەوڵەتی ڕێككەوتنی لەسەر كرابوو"، وەزارەتی پلاندانانی عێراق وا دەڵێت.
لە ئەنجامی ئەو ڕێككەوتنەدا، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق/ژمارە (24853)ـی ساڵی 2024 دەرچووە. بەپێی بڕیارەكە ئەو كەسانەی نیشتەجێی هەرێم بوون، بەڵام لە بنەڕەتدا خەڵكی پارێزگاكانی دیكەی عێراق بوون، بۆ سەر پارێزگا ڕەسەنەكانی خۆیان گەڕێندرانەوە. هەروەها كەسانی بیانی لە سەرجەم پارێزگاكان لادراون.
هەروەها وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت "بەمەش ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بوو بە 12.68%".