پەرەگراف - یەکێتی ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ڕادەگەیەنێت. بافڵ تاڵەبانی ئەم پەیامەی بە سوودانی گەیاندووە. ئەمەش دوای چڕبوونەوەی فشارەکانی سەر لایەنە کوردییەکان دێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە کە پشکی کوردە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی، لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-02-2026 لە بەغداد بەڕێوە چووە، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانیی جەختی لە "ئامادەیی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار" کردووەتەوە.
دۆخی ناسەقامگیری ناوچەکە و پەککەوتنی بەشێک لە کارەکانی دەوڵەت، وای کردووە فشارەکان زیاتر بن بۆ تەواوکردنی ڕێکارە دەستوورییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
نووسینگەی سوودانی دەڵێت "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کراوەتەوە لەسەر هەماهەنگی هاوکاریی نێوان لایەنەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، کارکردنی هاوبەش بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەت".
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە، داواکارییەکانی بۆ لایەنە کوردییەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی چڕکردووەتەوە، بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆککۆمار.
هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی هۆشداریی داوە کە زیاتر دواکەوتنی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان، بە واتای پێشێلکردنی وادە دەستوورییەکان دێت ودەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی پەکخستنی دامەزراوەکان.