ڕێبەری نوێی ئێران چۆن و لەنێوان چ كەسانێكدا هەڵدەبژێردرێت؟

01-03-2026 01:36

پەرەگراف - دەستووری ئێران و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری، ڕێكارەكانی بەڕێوەبردنی پۆستەكەی و هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێ، دوای مردنی ڕێبەری ئێستای كۆماری ئیسلامییان دەستنیشان كردووە.

دوای پشتڕاستكردنەوەی كوژرانی خامنەیی لەلایەن ئێرانەوە، عەلی لاریجانی، سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند، هەر ئەمڕۆ بەداواداچوون دەكرێت كە ئەنجوومەنی كاتیی ڕێبەریی پێكبهێنرێت و بەپێی دەستوور ئەركەكانیان جێبەجێ‌ بكەن.

هەموو ئەو دامەزراوانەی كە ئێستا ڕۆڵیان لە دیاریكردن و هەڵبژاردنی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا هەیە، بەشێوەیەكی گشتی پێشتر لەژێر هەژموونی خامنەییدا بوون و بەشێكیان هەر خۆی ئەندامەكانی دیاری كردوون، یان بەلای كەمەوە بە فلتەری پەسەندكردنی ئەودا تێپەڕیون.

سەید عەلى حسێنى خامنە، ناسراون بە سەید عەلى خامنەیى، دووەم ڕێبەرى باڵاى شۆڕشى ئیسلامیى ئێران بوو، کە دواى کۆچى دوایى خومەینى لە ساڵى ١٩٨٩ دەستبەکار بوو و ٣٧ ساڵ لەو پۆستەدا مایەوە، تا لە تەمەنى ٨٤ ساڵیدا لە هێرشەکانى ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کوژرا. پێشتریش هەشت ساڵ سەرۆککۆمارى ئێران بووە.

ئەنجومەنێكی سێ كەسی

بەپێی ماددەی ١١١ـی دەستوور، لە كاتی مردنی ڕێبەرەوە تا كاتی ناساندنی ڕێبەری نوێ لەلایەن ئەنجوومەنی شارەزایانەوە، ئەنجوومەنێكی سێ كەسی ئەركەكانی ڕێبەری باڵا بەشێوەیەكی كاتی دەگرێتە ئەستۆ. ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە بریتین لە: سەرۆككۆمار، سەرۆكی دەزگای دادوەری، یەكێك لە فەقیهەكانی ئەنجوومەنی پارێزەران (شورای نگهبان) كە لەلایەن ئەنجوومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران هەڵدەبژێردرێت.

بەڵام ئەم ئەنجوومەنە دەسەڵاتی تەواوی نییە و لەم بوارانەی خوارەوەدا، بڕیارەكانی تەنیا بە پەسەندكردنی سێ لەسەر چواری ئەندامانی ئەنجوومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران جێبەجێ دەكرێن:

١- دیاریكردنی سیاسەتە گشتییەكانی سیستەم (ڕژێم).

٢- دەركردنی فەرمانی ڕیفراندۆم.

٣- ڕاگەیاندنی جەنگ یان ئاشتی.

٤- لادانی سەرۆككۆمار.

٥- لادان و دامەزراندنی سەرۆكی ئەركانی هاوبەش، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران یان فەرماندە باڵاكانی سەربازی و پۆلیس.

ئەگەر ڕێبەر بەهۆی نەخۆشی یان ڕووداوێكەوە بەشێوەیەكی كاتی نەتوانێت ئەركەكانی ڕاپەڕێنێت، ئەم ئەنجوومەنە بە هەمان شێوە ئەركەكانی دەگرێتە ئەستۆ.

هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێ

دیاریكردنی جێگرەوەی ڕێبەر لە ئەستۆی "ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری"یە، كە ٨٨ ئەندامی هەیە (لەم ئەنجوومەنەدا ئەو ئەندامانەی كە دەمرن، كورسییەكانیان تا هەڵبژاردنی گشتیی داهاتوو بە بەتاڵی دەمێننەوە).

محەمەدعەلی موەحیدی كرمانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەرییە. هاشم حسێنی بوشەهری و عەلیڕەزا ئەعراف، جێگرانی سەرۆكن. هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایان پێش هەڵبژێردرانیان، بە فلتەری (ئەنجوومەنی پارێزەران)ـدا تێپەڕیون.

ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری لە ئەگەری چۆڵبوونی كورسیی ڕێبەریدا، ئەركدارە كە لە زووترین كاتدا كۆببێتەوە. گرێدانی كۆبوونەوەكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، پێویستی بە ئامادەبوونی لای كەم دوو لەسەر سێی ئەندامان (٥٩ ئەندام)ـە.

هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێ پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە هەیە. واتە ئەگەر تەنیا ٥٩ كەس ئامادە بن، دەنگی ٤٠ كەسیان بەسە بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەر، هەرچەندە چاوەڕوان دەكرێت زۆربەی ئەندامان بۆ ئەم كۆبوونەوە گرنگە ئامادە بن. هەموو ئەندامە ئامادەبووەكان دەبێت كۆنووسی هەڵبژاردنی ڕێبەر واژوو بكەن.

ڕێبەر لەنێوان چ كەسانێكدا هەڵدەبژێردرێت؟

ماددەی ١٠٩ـی دەستووری ئێران، پێویستە ڕێبەر خاوەنی كۆمەڵێك سیفان بێت و مەرجەكانی بەم شێوەیە دیاری كردووە:

* توانای زانستیی باڵای بۆ فەتوادان لە بوارە جیاوازەكانی فقهدا هەبێت.

* دادپەروەری و پارێزگار (بەتەقوا) بێت.

* خاوەنی توانای تێڕوانینی دروستی سیاسی و كۆمەڵایەتی بێت.

* خاوەنی لێهاتوویی، ئازایەتی، بەڕێوەبردن و دەسەڵاتی پێویست بۆ ڕێبەرایەتی بێت.

كۆمیسیۆنی لێكۆڵینەوە لە كاندیدەكان

ئەنجوومەنی شارەزایان، كۆمیسیۆنێكی هەیە كە ئەركی لێكۆڵینەوەیە لە شیاوێتیی ئەو كەسانەی ڕەنگە بۆ پۆستی ڕێبەری باڵا لەبەرچاو بگیرێن.

شێوازی كاركردنی ئەم كۆمیسیۆنە شەفاف نییە و ڕاپۆرتەكانی بە نهێنی دەپارێزرێن. بوونی ئەم لیژنەیە بۆ یەكەمجار كاتێك بووە جێی باسی میدیاكان، كە ئەكبەر هاشمی ڕەفسەنجانی لە ساڵی ٢٠١٥دا وتی "گرووپێكیان داناوە كە پێشوەختە سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە شیاوێتیی كەسەكان، بۆ ئەوەی ئەگەر لە داهاتوودا ڕووداوێك هاتە پێش، بتوانن بۆ دەنگدان پێشنیاریان بكەن".

ڕەفسەنجانی دوای چەند مانگێك وتی "كۆمیسیۆنەكە لە قۆناغێكدا و دوای وتووێژ لەگەڵ چەند سەد كەسێك، بەشێوەیەكی نهێنی دوو كەسیان (وەكوو كاندیدی شیاو بۆ ڕێبەری باڵا) ناساندووە".

ڕەفسەنجانی هیچ زانیارییەكی لەبارەی ناسنامەی دوو كەسەكە و ئەوەی كە بە كێ‌ ناسێندراون یان بۆ كێ‌ پێشنیاز كراون، نەدركاند. بەڵام پێشتر، ئەحمەد خاتەمی، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایان، وتبووی كە ئایەتوڵڵا خامنەیی پێی وایە "پێویستە ئەنجوومەنی شارەزایان چەند كاندیدێكی ئامادەی بۆ پۆستی ڕێبەری باڵا هەبێت". وتیشی "ناوی ئەو كەسانە تەنیا پێشكەش بە ڕێبەر (عەلی خامنەیی) دەكرێن، نەك كەسانی تر".

تا وادەى هەڵبژاردن چەند دەخایەنێت؟

بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێ، هیچ سنوورێكی كاتی دیاری نەكراوە. بەو پێیەی ئەنجوومەنی كاتی سێ كەسی پێشبینیكراو و دیارن، بەلای كەمەوە لەسەر كاغەز بۆشایی دەسەڵات دروست نابێت. بەڵام ئەزموونی دوای مردنی ئایەتوڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی، نیشانی دەدات كە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایان گرنگییەكی زۆر بە خێرایی دەدەن.

خومەینی شەوی 03-06-1989 كۆچی دوایی كرد. ئەنجوومەنی شارەزایان هەر بەیانیی ڕۆژی دواتر كۆبووەوە و لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا عەلی خامنەیی وەك جێگرەوەی ئەو هەڵبژارد. هەرچەندە بارودۆخی كاتی مردن و شێوازی مردنی خومەینی لەگەڵ دۆخی كوژرانی خامنەیی زۆر جیاوازە.

لە كاتی هەڵبژاردنی خامنەیی بە ڕێبەری باڵا، یەكێك لە مەرجەكانی ڕێبەر بەپێی دەستوور ئەوە بوو كە دەبێت (مەرجەع) بێت و خامنەیی لەو كاتەدا مەرجەع نەبوو، بۆیە سەرەتا بەشێوەیەكی كاتی هەڵبژێردرا و دوای هەمواركردنەوەی دەستوور، هەڵبژاردنەكەی كرا بە هەمیشەیی.

ئەوەی زانراوە، لەسەر داوای خودی خامنەیی، پێشوەختە ناوی چەند كاندیدێكی "شیاو" بۆ ئەو پۆستەی بەشێوەیەكی زۆر نهێنی ئاراستە كراوە، چاوەڕوانكراویشتە كە بۆچوونی خۆی لەبارەی ڕێبەری ئایندەوە دەربڕیبێت.

هەموو نیشانە و پێوەرەكان وای نیشان دەدەن كە ڕێبەری ئایندەی ئێران لەژێر كاریگەری و هەژموونی بەجێماوی خامنەییدا هەڵدەبژێردرێت، ڕەنگە هەر خۆیشی پێشوەختە و بە نهێنی كاندیدەكەی یەكلا كردبێتەوە، بەڵام پرسیارێكی دیكە لەئارادیە: ئایا ئێرانی ئایندە پۆستی ڕێبەری تێدا دەبێت؟