بەغداد مووچەی مانگی سێ دابەش دەكات و هەرێم چاوەڕیی مووچەی مانگی دووە

03-03-2026 03:57

پەرەگراف - دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان لە عێراق دەستی پێ‌ کرد و هێشتا ‏چارەنووسی مووچەی ‏مانگی دووی هەرێم نادیارە. بەغداد چاوەڕێی ١٢٠ ملیار ‏دینارەکەیە و مەسروور بارزانیش ‏داوای ناردنی مووچە دەکات.‏

مووچەی مانگی دوو لە عێراق دابەش کراوە و ئەمڕۆ ٠٣-٠٣-٢٠٢٦، بانکەکانی ‏عێراق ‏دەستیان کرد بە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێی خانەنشینان. وەزارەتی ‏دارایی عێراق ‏مووچەی ئەو توێژە لە سەرەتای مانگدا خەرج دەکات، بەوپێیەی ‏پێشتر لێبڕینی ‏خانەنشینیی مووچەکانیان لە سندووقی خانەنشینیدا پاشەکەوت ‏کراوە.‏

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی ‏نەخۆشخانەیەکدا ‏لە هەولێر وتی "ئێمە وەکوو حکومەتی هەرێمی کوردستان، ‏هەموو پابەندبوونەکانی خۆمان ‏جێبەجێ‌ کردووە، داواش دەکەین حکومەتی ‏فیدراڵ پابەندییە داراییەکانی خۆی بەرانبەر ‏خەڵکی هەرێم جێبەجێ‌ بکات".‏

سەرۆکی حکومەتی هەرێم جارێکی دیکە سوپاسی خەڵکی کوردستانی کرد بۆ ‏‏‏"پشوودرێژییان" و جەختی کردەوە "بەردەوام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر ‏هێڵین بۆ ‏ئەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی مووچە بدۆزینەوە".‏

خەرجکردنی مووچەی مانگی دووی هەرێمی کوردستان زۆرینەی ڕێکارەکانی ‏بڕیوە و پێویستی بە ڕادەستکردنی ١٢٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆیە.‏

حکومەتی هەرێم کێشەی "کەمبوونەوە"ـی داهاتی نانەوتی هەیە و هەوڵەکانی ‏چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەو بڕە داهاتە کۆ بکاتەوە.‏

نوێ دەكرێتەوە...‏