پەرەگراف - بافڵ تاڵەبانى لەبارەى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى لەگەڵ سەرۆکى ئەمریکا دەربارەى شەڕى ئێران، ڕایدەگەیەنێت "سەرۆک تڕەمپ بەرچاوڕوونی دا لەبارەى ئامانجەکانی لەم جەنگەدا".
سەرۆکى یەکێتى لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى مەکتەبى سیاسیى حیزبەکەیدا باسى ناوەرۆکى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى کردووە و وتووشیەتى "سەرۆک تڕەپ دەرفەتێکی پێشکەش کرد بۆ تێگەیشتن لە ئامانجەکانی ئەمریکا و گفتوگۆکردن لەسەر پشتگیریی هاوبەش بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەکی بەهێز لەنێوان ئەمریکا و عێراق".
ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی ئازار، بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێکی سەرەکی خرانە بەرباس و گفتوگۆکردن.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک بافڵ تاڵەبانی، بەرچاوڕوونییەکی تەواوی دا لەسەر کۆبوونەوەی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆک تڕەمپ و بەڕێز مەزڵووم عەبدی، کە تیایدا گفتوگۆ کرا لە هەمبەر مسۆگەرکردنی سووریایەکی دەستووری، کە مافی تەواوی پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت و جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی نێوان سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کرایەوە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بریتیبوو لە جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە و گرژییە ئەمنییەکان. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێی وایە کە باشترین چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی پرسەکان بە لێکتێگەشتن و دایەلۆگ، ئەولەویەت لای یەکێتی پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سەروەریی خاکی عێڕاقە. سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوە دا کە یەکێتی ئامادەیە هەموو پەیوەندیە فراوان و کاریگەرەکانی بخاتە گەڕ لەپێناوی ئاشتی و ئارامی و گەشەسەندن بۆ عیراق بەتایبەت و ناوچەکە بەگشتی.
تەوەرێکی گرنگی دیکەی کۆبوونەوەکە، ناوەرۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆک تڕەمپ و سەرۆک بافڵ بوو، کە تیایدا سەرۆک تڕەمپ بەرچاوڕوونی داوە لە ئامانجەکانی ئەمەریکا لەم جەنگەدا.
هەروەها سوپاسی ڕۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد لە عێراقدا. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆک ترامپ دەرفەتێکی پێشکەش کرد بۆ تێگەیشتن لە ئامانجەکانی ئەمریکا و گفتوگۆکردن لەسەر پشتگیری هاوبەش بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەکی بەهێز لەنێوان ئەمریکا و عێراق.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٣ی ئازاری ٢٠٢٦