چوارچێوەی هەماهەنگی: پاڵپشتیى پاراستنى نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکان دەکەین
پەرەگراف - چوارچێوەی هەماهەنگی داواى ڕاگرتنى دەستبەجێى "دەستدرێژییەکان" بۆ سەر ئێران دەکات و پاڵپشتیى حکومەت و هێزە ئەمنییەکانى عێراقیش بۆ "پاراستنى باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتیى وڵاتان" ڕادەگەیەنێت. هەروەها جەخت لە خێراکردنى هەنگاوەکانى تەواوکردنى شایستە دوەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەت دەکاتەوە.
ڕۆژى سێشەممە ٠٣-٠٣-٢٠٢٦، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (٢٦٤)ـى خۆى لە بەغداد ئەنجام دا. لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "تاوتوێی شایستە دەستوورییەکان کرا و جەخت لەسەر ڕێککەوتنی هەموو لایەنەکان بۆ پەلەکردن لە تەواوکردنیان کرایەوە، بەتایبەتی پێکهێنانی حکومەت".
سەرکردە شیعەکان داواى پێکهێنانى حکومەتێک دەکەن کە "بەرژەوەندیی نیشتمانی بپارێزێت و کۆدەنگیی نیشتمانی بەدی بهێنێت".
هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی "دەستدرێژییەکان"ـى بۆ سەر ئێران کردووە، وەکو خۆى دەڵێت "بۆ دوورخستنەوەی گەلانی ناوچەکە لە وێرانکاری و زیانی زیاتر".
لایەنەکانى چوارچێوەى شیعە، جەختیش لە پشتگیریی خۆیان بۆ حکومەت و هێزە ئەمنییەکان دەکەنەوە، لەپێناو "پاراستنی سەروەری، جێبەجێکردنی یاسا، پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت، هەروەها دەستەبەرکردنى پاراستنى نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکان".