مەسروور بارزانی بە دەنگی 87 پەرلەمانتار ناوزەند كرا بۆ پێكهێنانی حكومەت

11-06-2019 11:41

پەرەگراف

مەسروور بارزانی بە دەنگی 87 پەرلەمانتار ناوزەند كرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم. هەر ئەمڕۆیش بڕیارەكە ئاراستەی سەرۆكی هەرێم دەكرێت بۆ ڕاسپاردنی ناوبراو.

ئەمڕۆ درێژەی دانیشتنی ژمارە 7ی پەرلەمانی كوردستان بۆ ناوزەندكردنی كاندیدی لیستی براوە بۆ پێكهێنانی حكومەت بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داوای لە سەرۆكی فراكسیۆنی زۆرینە كرد كە فراكسیۆنی پارتییە، ناوی كاندیدێك بۆ پێكهێنانی حكومەت پێشەكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكات تا بخرێتە دەنگدانەوە.

لە وەڵامی سەرۆكی پەرلەماندا، ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، ڕایگەیاند "كاندیدی ئێمە ڕێزدار مەسروور مەسعود مستەفا بارزانییە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم".

دواتریش ناوی مەسروور بارزانی بۆ ناوزەندكردنی وەكو كاندیدی فراكسیۆنی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە خرایە دەنگدانەوە.

ناوی مەسروور بارزانی بە دەنگی 87 ئەندامی پەرلەمان لە كۆی 97 ئەندامی ئامادەبوو، بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم پەسەند كرا.

لە كۆتایی دانیشتنەكەشدا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتی "بە ناوی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و ئەندامانەوە پیرۆزبایی لە مەسروور بازانی دەكەین. هەر ئەمڕۆیش ئەم بڕیارە ئاراستەی سەرۆكی هەرێم دەكەین بۆ ڕاسپاردنی ناوبراو بۆ پێكهێنانی حكومەت".

بەپێی یاسا پاش ڕاسپاردنی مەسروور بارزانی لەلایەن نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێمەوە، پێویستە لە ماوەی یەك مانگدا كابینە حكومییەكەی پێك بهێنێت.

لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتەوە، پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان گەیشتووەتە ڕێككەوتن، هەریەكە لە نەوەی نوێ‌ و یەكگرتوویش ئۆپۆزسیۆنبوونیان ڕاگەیاندووە، بەڵام هێشتا كۆمەڵ بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەوبارەیەوە نەداوە.