دەست بە خەرجكردنی مووچەی هەرێم كرا

05-03-2026 07:21

پەرەگراف - دەست كرا بە خەرجكردنی مووچەی مانگی دووی هەرێم. چاوەڕوان دەكرێت سەرەتای هەفتەی داتوو هەموو پارەی مووچە لە بەغدادەوە ڕەوانە بكرێت و ناوەڕاستی هەفتە مووچە دابەش بكرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند "نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی (٥ی ئازاری ٢٠٢٦)، بڕی (٢٧٤ ) ملیار و (٩٦٢) ملیۆن دینار بە چوار گوژمە وەك بەشێك لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێم، خرایە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق".

وەزارەتەكە دەڵێت "ئەمە بریتییە لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی خانەنشینان، سودمەندانی چاودێریی كۆمەڵایەتی، فەرمانبەرانی گرێبەست و مینحەی زیندانیانی سیاسی. چاوەڕێ دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمی لە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو، تەواوی تەمویلی مووچە بخرێتە سەر هەژماری بانكیمان".

وزارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت "لەگەڵ گەیشتنی تەواوی پارەكە و وەرگرتنی لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق، ڕاستەوخۆ خشتەی مووچەی مانگی شوبات ڕادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكرێت".