وەزیرى دەرەوەى عێراق: هەرێمى کوردستان ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادات خاکەکەی دژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکار بهێنێت

05-03-2026 09:32

پەرەگراف - وەزیرى دەرەوەى عێراق ڕایدەگەیەنێت "هەرێمى کوردستان ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادات، خاکەکەی دژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکار بهێنێت، بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوە".

فوئاد حسێن لە کۆبوونەوەى لەگەڵ جانیت بیردا، باڵیۆزى هۆڵەندا لە عێراق، جەختى کردووەتەوە کە "نابێت خاکی عێراق دژی وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت". ڕایگەیاندووە کە "ئەمە هەڵوێستی سەرکردایەتیی حزبی و حکومیی هەرێمی کوردستانیشە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە پاڵپشتى لە هێرشى زەمینیى کورد بۆ سەر ئێران دەکات. سەرۆکى ئەمریکا لە گفتوگۆیەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسى هەواڵى ڕۆیتەرز، پرسیارى ئەوەى ڕووبەڕوو کراوەتەوە کە ئایا پشتگیریى هێرشى زەمینیى هێزە کوردییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بۆ سەر ئێران دەکات؟ لە وەڵامدا وتوویەتى "ناوازەیە کە دەیانەوێت کارێکى وا بکەن. من بە تەواوى لەگەڵ ئەوەدام".

کاتێکیش لێیان پرسیوە: ئایا ئەمریکا پاڵپشتیى ئاسمانى بۆ هێرشى کوردەکان دابین دەکات؟ ترەمپ وتوویەتى "ناتوانم ئەوە بە ئێوە بڵێم".

لە هەمان کاتدا کۆشکى سپى ڕەتى کردووەتەوە کە سەرۆکى ئەمریکا سەرقاڵى تاوتوێکردنى بژاردەى پڕچەککردنى کوردەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بێت. بەڵام پێشتر ترەمپ ئاماژەى بە هێرشى زەمینى بۆ سەر ئێران وەکوو یەکێک لە ئەگەر و بژاردەکان کردووە، بەڵام زانیاریى زیاترى دەربارەى نەدرکاندووە.

هاوكات هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە لەناو هەرێمی كوردستاندان، دوو هەفتەیە دەستیان بە جووڵە كردووە و پێكەوە هاوپەیمانێتییەكیان بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەگەری گۆڕانكارییەكان پێكهێناوە و بە ئاشكرا دەڵێن "ئامانجمان ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە". بەڵام تا ئێستا باسیان لە هێرشى زەمینى بۆ سەر ئێران نەکردووە.

لێدوانەکەى ترەمپ و ڕاپۆرتى میدیای ئەمریكی دەربارەى پاڵپشتیى ئەمریکا لە هێرشى زەمینیى کورد و جموجووڵ و ئامادەکارییەکانى هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، ترسى لاى ئێران دروست کردووە و دوێنێ چوار شەممە ٠٤-٠٣-٢٠٢٦، وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە پەیوەندیى تەلەفۆنیى لەگەڵ سەرکردەکانى عێراق و هەرێم ئەنجام دا.

حکومەتى ئێران داواى هەماهەنگى و هاوکاریى زیاتر بۆ توندکردنى سنوورەکان کردووە. لە بەغداد، هەولێر و سلێمانییەوە دڵنیایى بە تاران دراوە کە ڕێگە نادەن سنوورەکانى هەرێمى کوردستان لە دژى ئێران بەکار بهێنرێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: سنوورێک کە دەیان ساڵە کۆنترۆڵ نەکراوە و بەردەوام هێزى ئۆپۆزسیۆنى تێدا بووە، بەغداد و هەولێر دەتوانن لەم بارودۆخەدا کۆنترۆڵى بکەن؟