هەڕەشەیەکی تووند لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان: هێز لە سنورەکانەوە بێنە ناو ئێران سەرجەم دامەزراوەکانتان دەکەینە ئامانج

06-03-2026 01:33

پەرەگراف- ئەنجومەنی بەرگریی ئێران هۆشداریی و هەڕەشەیەکی تووندی ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کرد کە لە ئەگەری گەڕانەوەی پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێم دەکاتە ئامانج و کۆتایی بە "پەیوەندییە دۆستانەکان" دەهێنێت.

عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، نوێنەری ڕێبەری کوژراوی ئێران لە ئەنجوومەنی بەرگریی ئێران، وتی، تائێستا تەنیا بارەگاکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج، "بەڵام لە ئەگەری ڕێگەدان بە بەردەوامیی مانەوە، پیلانگێڕی، یان هاتنی ئەم گروپانە لە ڕێگەی هەرێمەوە بۆ سەر سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی، تەواوی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک پشتێنەی ئەم گروپانە بە شێوەیەکی بەرفراوان دەکرێنە ئامانج و پەیوەندییە دۆستانەکان و پشتگیرییە بێ درێغەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی سەختدا (وەک هێرشەکەی داعش) ڕادەگیرێت".

ئەوە لەکاتێکدایە هەرێمی کوردستان بە بەردەوامیی ڕەتی دەکاتەوە ببێت بە بەشێک لە شەڕی ئەمەریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە ئەمرۆ لە حەوتهەمین ڕۆژیدایەو جەخت لەوە دەکاتەوە خاکی هەرێم نابێت بە سەرچاوەی هێرش و هەڕەشە بۆسەر ئێران.

بەڵام ئەمەریکا چاوی لە جوڵەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بگەڕێنەوە بۆ ئێران و شەڕی چەکداریی لەگەڵ ڕژێمی ئێران دەستپێ بکەن، دوێنێش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمەریکا، ڕایگەیاند کە پاڵپشتى لە هێرشى زەمینیى کورد بۆ سەر ئێران دەکات، ئەگەر کوردەکان پلانێکى لەوشێوەیان هەبێت.

سەرۆکى ئەمریکا لە گفتوگۆیەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسى هەواڵى ڕۆیتەرز، پرسیارى ئەوەى لێکرا کە ئایا پشتگیریى هێرشى زەمینیى هێزە کوردییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بۆ سەر ئێران دەکات؟ لە وەڵامدا وتوویەتى "ناوازەیە کە دەیانەوێت کارێکى وا بکەن. من بە تەواوى لەگەڵ ئەوەدام".

کاتێکیش لێیان پرسیوە: ئایا ئەمریکا پاڵپشتیى ئاسمانى بۆ هێرشى کوردەکان دابین دەکات؟ ترەمپ وتوویەتى "ناتوانم ئەوە بە ئێوە بڵێم".

لە هەمان کاتدا کۆشکى سپى ڕەتى کردووەتەوە کە سەرۆکى ئەمریکا سەرقاڵى تاوتوێکردنى بژاردەى پڕچەککردنى کوردەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بێت. بەڵام پێشتر ترەمپ ئاماژەى بە هێرشى زەمینى بۆ سەر ئێران وەکوو یەکێک لە ئەگەر و بژاردەکان کردووە، بەڵام زانیاریى زیاترى دەربارەى نەدرکاندووە.

هاوكات هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە لەناو هەرێمی كوردستاندان، دوو هەفتەیە دەستیان بە جووڵە كردووە و پێكەوە هاوپەیمانێتییەكیان بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەگەری گۆڕانكارییەكان پێكهێناوە و بە ئاشكرا دەڵێن "ئامانجمان ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە". بەڵام تا ئێستا باسیان لە هێرشى زەمینى بۆ سەر ئێران نەکردووە.

لێدوانەکەى ترەمپ و ڕاپۆرتى میدیای ئەمریكی دەربارەى پاڵپشتیى ئەمریکا لە هێرشى زەمینیى کورد و جموجووڵ و ئامادەکارییەکانى هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، ترسى لاى ئێران دروست کردووە و ڕۆژی چوار شەممە ٠٤-٠٣-٢٠٢٦، وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە پەیوەندیى تەلەفۆنیى لەگەڵ سەرکردەکانى عێراق و هەرێم ئەنجام دا.

حکومەتى ئێران داواى هەماهەنگى و هاوکاریى زیاتر بۆ توندکردنى سنوورەکان کردووە. لە بەغداد، هەولێر و سلێمانییەوە دڵنیایى بە تاران دراوە کە ڕێگە نادەن سنوورەکانى هەرێمى کوردستان لە دژى ئێران بەکار بهێنرێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: سنوورێک کە دەیان ساڵە کۆنترۆڵ نەکراوە و بەردەوام هێزى ئۆپۆزسیۆنى تێدا بووە، بەغداد و هەولێر دەتوانن لەم بارودۆخەدا کۆنتڕۆڵى بکەن؟.