سوودانى: هاوپەیمانێتییەک لە وڵاتانی ناوچەکە و یەکێتیی ئەورووپا پێک بهێنرێت

09-03-2026 11:27

پەرەگراف - سەرۆکوەزیرانى عێراق داوای پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکی دیبلۆماسی بە ‏بەشداریى وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دەکات، بە ئامانجی "ڕاگرتنی ‏دەستبەجێی جەنگ". سوودانى جەختیش لەسەر پێویستیی "کۆتاییهێنان بە پێشێلکردنی ‏سەروەریی وڵاتان" دەکاتەوە.‏

ئەم داوایەى محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەمیانى بەشداریکردنیدا ‏هات لە کۆنگرەیەکدا بەشێوەى ڤیدیۆ کۆنفرانس، کە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا و ‏سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا دەربارەى پەرەسەندنە هەرێمییەکانی ئێستا ڕێکیان ‏خستبوو.‏

سوودانى لە وتارێکدا جەختی لەوە کردەوە کە "ئەو جەنگەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، ‏پێویستی بە هەڵوێستێکی هاوبەش و بەهێز هەیە بۆ ڕاگرتنی، لەڕێگەى زاڵکردنی زمانی ‏گفتوگۆ و هاوکاری، بۆ ڕێگریگرتن لە خراپتربوونی ئەم دۆخەی کە بە هەڕەشەیەکی ‏مەترسیدار بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دادەنرێت".‏

سەرۆکوەزیرانى عێراق لە وتارەکەیدا ئیدانەی ئەو هێرشانەى کرد کە کراونەتە سەر ‏خاکی عێراق لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە و وتیشى "هەڵوێستی عێراق جێگیرە لە ‏ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاک یان ئاسمانی بۆ هێرشکردن یان ئەنجامدانی چالاکییە ‏سەربازییەکان دژی وڵاتانی دراوسێ".‏

‏"سەرکۆنەی دەستدرێژییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و سەروەری و ئاسایش و ‏سەقامگیری و یەکپارچەیی خاکەکەی دەکەین. پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانی عەرەبی ‏ڕەت دەکەینەوە و هاوسۆزیی خۆمان بۆ ڕێکارەکانیان لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی خاک و ‏گەلەکەیان دووپات دەکەینەوە"، سوودانى وا وت.‏

محەمەد شیاع سوودانى وتیشى "جارێکی دیکە جەخت لەسەر پاراستنی نێردە ‏دیپلۆماسییەکان دەکەینەوە. بە توندی ئیدانەی بەئامانجگرتنی مەدەنییەکان، دامەزراوە ‏مەدەنی و نەوتی و ئەتۆمییەکان دەکەین".‏

سەرۆکوەزرانى عێراق جەختى کردەوە کە "پێویستە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە ‏یەکگرتووەکان بڕیارێک بۆ ڕاگرتنی جەنگ دەربکات، ئەنجوومەنی ئاسایشیش ئەرک و ‏بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی جێبەجێ ‏بکات".‏