وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: پێدانی غاز بە ماڵان لە هەولێر کرا بە کارتی ئەلکترۆنی

11-03-2026 01:14

پەرەگراف- وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، پێدانی غاز بە ماڵان لە هەولێر کرا بە کارتی ئەلکترۆنی و مانگانە ٢ بوتڵ بە نرخی فەرمی ٨,٥٠٠ دینار بۆ هەربتڵێک دەدرێت بە هەر خێزانێک. لە پارێزگاکانی دیکەش سیستەم و ڕێگای گونجاو دەگیرێتەبەر.

سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەمەبەستی کۆنترۆکردنی هەڵکشانی نرخی غازی شلی ماڵان و وەکو هەنگاوی یەکەم لە پارێزگای هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئەمڕۆ لە ڕێگای بریکارەکانی گەڕۆکەوە و بەکارتی ئەلکترۆنی (کە پێشتر لە ڕێگەی بریکارەکانی خۆراک دابەشکرابوو بەسەر هاوڵاتیان) دەست بە دابەشکردنی غاز بۆ ماڵان دەکات.

"پرۆسەکە 30ڕۆژ هەر هاوڵاتییەک دەتوانێت لە ڕێگای ئەم سیستەمە بەکارتی ئەلکترۆنی 2 بوتڵی غاز بە نرخی فەرمی 8,500  دینار لە ڕێگای بریکارەکانی غاز فرۆشەکانی گەڕۆک وەربگرێت. هەر ئەمڕۆش لە چەند گەڕەکێکی پارێزگای هەولێر بوتڵی غازی ماڵان بەنرخی فەرمی 8٫500 دینار دەفرۆشرێتە هاوڵاتیان بە کارتی ئەلکترۆنی".

وەزارەتەکە دەشڵێت، لە ڕۆژانی داهاتووشدا لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی پارێزگاکانی دیکە سیستەم و ڕێگای گونجاو دەگیرێتەبەر.