مەزڵووم عەبدی: تاوانبارانی گیانلەدەستدانی عەلا ئەمین هەر پێگەیەکیان هەبێت چاوپۆشییان لێ ناکرێت

11-03-2026 09:43

پەرەگراف - کاردانەوەکانی دۆسیەی گیانلەدەستدانی گەنجەکەی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە. لە نوێترینیاندا فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایدەگەیەنێت "بە تەواوی پابەندین بە لێپرسینەوە و سزادانی سەرجەم تێوەگلاوان لە تاوانی گیانلەدەستدانی هاووڵاتی عەلا ئەمین". مەزڵووم عەبدی دڵنیایی دەدات "تاوانباران سەر بە هەر حیزبێک بن و هەر پێگەیەکیان هەبێت، جیاکاری ناکرێت و بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشییان لێ ناکرێت".

گەنجێکی خەڵکی قامیشلۆ بە ناوی عەلا ئەمین کە خاوەنی ڕەگەزنامەی سویدییە، پاش گەڕانەوەی بەسەردان بۆ ڕۆژئاوا، لە مانگی 10ـی 2025 لەلایەن هێزێکی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە لە ماڵەوە دەستگیر کراوە. پاش شەش مانگ و لە ڕۆژی 8ـی ئەم مانگە،  پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە کراوە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی. ڕووداوەکە کاردانەوەی فراوانی بەدوادا هاتووە.

سەرباری ئەوەش، ژمارەیەک کەس هەڵیان کوتاوەتە سەر خێمەی پرسەی ئەو گەنجە. لە کاردانەوەدا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕووداوەکەی بە "هێرشی تێکدەرانە" ناو برد و ڕایگەیاند "هێزە ئەمنییەکان بەدوا تاوانباراندا دەگەڕێن و ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاساییان دەکەنەوە".

دەربارەی دۆسیەی گیانلەدەستدانی ئەو گەنجە، عەبدی پشتڕاستی دەکاتەوە کە "لەلایەن دەزگایەکی ئەمنیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە دەستگیر کراوە و لەو ماوەیەشدا گیانی لەدەست داوە".

فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەخت دەکاتەوە "لیژنەی لێکۆڵینەوەی بێلایەن بۆ بەدواداچوونی هۆکار و وردەکاریی تاوانەکە پێکهێنراوە. لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بەشێوەیەکی شەفافانە بۆ ڕایگشتی ئاشکرا دەکرێت".

"پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان‌ ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری دەکەین. بەڵێنیان پێ دەدەین کە دادپەروەری لە دۆسیەکەدا بەدی دەهێنرێت"، فەرماندەی گشتیی هەسەدە وا دەڵێت.

دۆسیەی گیانلەدەستانی ئەو گەنجە ماوەی سێ ڕۆژە کاردانەوەی فراوانی لەناو چالاکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت کە باس لە بوونی شوێنەواری ئەشکەنجە لەسەر تەرمەکەی دەکرێت و پاش ماوەیەک لە گیانلەدەستدانیشی کەسوکارەکەی ئاگادار کراونەتەوە.