یەکەم گیان لەدەستدان لە ڕیزەکانی هاوپەیمانان بەهۆی شەڕی ئێران لە هەولێر؛ سەربازێکی فەڕەنسا کوژرا

13-03-2026 12:38

پەرەگراف - ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، پشتڕاستیکردەوە کە سەربازێکی فەڕەنسی گیانی لەدەستداوە لە دوای هێرشێکی درۆنی کە بووە هۆی برینداربوونی شەش سەربازی وڵاتەکەی لە بنکەیەکی هاوبەشی پێشمەرگە و فەرەنسا لە هەولێر.

ماکرۆن لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، ئارنۆ فریۆن بەهۆی سەختیی بر یندارییەکەی لە هێرشەکەدا، گیانی لەدەستدا.

ماکرۆن نووسیویەتی، ئارنۆ فریۆن لە پێناو فەڕەنسا گیانی بەخت کرد. دەمەوێت بۆ خێزانەکەی و هاوسەنگەرانی، هاوسۆزی و پشتیوانی تەواوی گەلەکەم دەربڕم.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە چەند سەربازێکی تری فەرەنسی لە هێرشەکەدا بریندار بوون و پشتیوانی خۆی بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دووپات کردەوە.

ماکرۆن وتیشی: "ئەم هێرشە بۆ سەر هێزەکانمان کە لە ساڵی ٢٠١٥وە سەرقاڵی شەڕی داعشن، قبوڵنەکراوە. بوونی ئەوان لە عێراق تەنیا لە چوارچێوەی شەڕی دژی تیرۆردایە. شەڕی سەر ئێران ناتوانێت پاساو بۆ ئەم جۆرە هێرشانە بهێنێتەوە."

شەوی ڕابردوو شەش ڕاهێنەری سەربازی فەرەنسی بریندار بوون کاتێک دوو درۆن بنکەیەکی هاوبەشی پێشمەرگە و فەرەنسایان لە ناوچەی مەلا قەرە لە سنووری میحوەری شەشەی پێشمەرگە کردە ئامانج. وەک سەرۆک کۆماری فەرەنساش پشتڕاستی کردەوە، یەکێک لە بریندارەکان دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

هێزەکانی فەڕەنسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی ڕێکخراوی داعش، لە هەرێمی کوردستان جێگیرکراون.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی توند لە هێرشە ئاسمانییەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە. بەپێی بەدواداچوونێکی دامەزراوەی میدیایی پەرەگراف، لە سەرەتای دەسپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، نزیکەی ٣٠٠ درۆن و مووشەک شوێنە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج.

ئەم هێرشانە لەلایەن ئێران یان ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە "بەرگری ئیسلامی"ن، کە تۆڕێک لە گرووپە نزیکەکانی ئێرانن و لە ناو عێراقدا کار دەکەن، ئەنجام دراون.

ئەم پەرەسەندنە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران کە ئێستا لە ١٤هەمین ڕۆژیدایە، ئەمەش ترسی ئەوەی دروستکردووە کە هەرێمی کوردستان زیاتر پەلکێشی ناو ململانێ فراوانەکانی ناوچەکە بکرێت.