لە ماوەی دوو هەفتەدا حەوت کەس بەهۆی هێرشی درۆن و مووشەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون
پەرەگراف- لە ماوەی ١٤ ڕۆژی شەڕی ئەمەریکاو ئیسرائیل لە دژی ئێران و بەهۆی بۆردومانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێران و میلیشیا عێراقییەکانی سەربە ئێران، ٧ کەس لە هەرێمی کوردستان کوژراون و زیاتر لە ١٥ی دیکە برینداربوون بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف.
لە دوو هەفتەی یەکەمی شەڕەکەدا زیاتر لە ٣٠٠ درۆن و مووشەک بەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێم کەوتوون، لە نێو ئەو حەوت کەسەی کوژراون، پێشمەرگەکانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران، ئەندامێکی ئاسایشی هەرێم و سەربازێکی فەڕەنسی هەن.
لە ١٣ی ئازاردا، ئیقباڵ ساڵحی خەڵکی سەقز و فەخرەدین مورادی خەڵکی سنە — کە هەردووکیان پێشمەرگەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بوون — لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر پێگەکانیان لە بەرزاییەکانی باشیک کوژران.
ڕۆژێک پێش ئەوە، ئارنۆ فریۆن، پلەدارێکی سوپای فەڕەنسا کوژرا کاتێک درۆنەکان بنکەیەکی هاوبەشی پێشمەرگە و فەڕەنسایان لە ناوچەی مەخمووری پارێزگای هەولێر کردە ئامانج.
لە پارێزگای سلێمانی، ئومێد وەیسی دەناسرێت، پێشمەرگەی کۆمەڵەی ئێران، لە ١١ی ئازاردا بەهۆی هێرشی درۆن و مووشەک بۆ سەر گوندی زڕگوێزەڵە کوژرا.
هێرشێکی دیکە لە هەمان گوند لە ٧ی ئازاردا بووە هۆی کوژرانی ئیسماعیل ڕەحیمی پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران.
هەر لە ٧ی ئازاردا، وڵات تاهیر، ئەندامی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بوو، دوای شەپۆلێک لە هێرشی درۆن بۆ سەر شارەکە کوژرا.
لە سەرەتای شەڕەکەدا و لە ٤ی ئازاریشدا، جەلال ڕەشیدی، پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر بنکەکانی ئەو پارتە لە نزیک دێگەڵە لە هەولێر کوژرا.
لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکاندا زیاتر لە ١٥ کەسی دیکە بریندار بوون، لەنێویاندا ئەندامانی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی مەدەنی و سەربازانی فەڕەنسی هەن.
چڕبوونەوەی هێرشەکان هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران کە ئێستا لە ١٥هەمین ڕۆژیدایە، ئەمەش مەترسی ئەوەی دروستکردووە کە هەرێمی کوردستان زیاتر پەلکێشی ناو ململانێیەکی فراوانتر بکرێت.