ئاساییبوونەوەى جوڵە لە دەروازەکانى هەرێم و ئێران؛ سبەینێ دەروازەى حاجى ئۆمەران دەکرێتەوە
پەرەگراف - پاش ماوەیەک لە ڕاگرتنى جوڵەى گەشتیارى و بازرگانى لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لەگەڵ ئێران، سبەینێ دەست پێ دەکاتەوە. بەمەش لە کۆى حەوت دەروازەى فەرمى و دیارى هەرێم، پێنج دەروازەیان لەگەڵ ئەو وڵاتە کراوە دەبن و چاوەڕوان دەکرێت دوو دەروازەکەى دیکەیش بکرێنەوە.
لە لێدوانێکى تایبەتیشدا بۆ پەرەگراف، عەباس عەزیز باپیر، بەڕێوەبەرى گومرگى ئیدارى ڕاپەڕین، وتى "تا ئێوارەى ئەمڕۆ هیچ بڕیارێک بۆ کردنەوەى دەروازەى سنووریى کێلێ بە دەستى ئێمە نەگەیشتووە". ناوبراو وتیشى، چاوەڕوان دەکرێت بەزوویى هاتووچۆى گەشتیارى و بازرگانى لە دەروازەکە دەست پێ بکاتەوە کە لە سەرەتاى شەڕەوە ڕاگیراوە.
بەشى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، ئاگاداری هەموو هاووڵاتیان، بازرگانان، کۆمپانیاکان، هاوردەکاران و هەناردەکارانى هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٥-٠٣-٢٠٢٦، دەروازەکە لەگەڵ دەروازەی گومرگیی تەمەرچینی ئێرانی، لە ڕووی "هاتووچووی گەشتیاری و جموجووڵی بازرگانییەوە" دەکرێتەوە و "وەکوو جاران ئاسایی دەبێتەوە".
دواى سەرهەڵدانى شەڕى ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، حکومەتى ئێران جوڵەى گەشتیارى و بارزگانیى لەگەڵ هەرێمى کوردستان سنووردار کرد و هاتووچۆى لە زۆرینەى دەروازەکانى لەگەڵ هەرێم ڕاگرت.
سەربارى بەردەوامیى شەڕ، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەى جەژن، تاران خەریکە بارودۆخى دەروازە سنوورییەکان ئاسایى دەکاتەوە.
لە ١١ـى ئەم مانگەش دەروازەى پەروێزخان لە ئیدارەى گەرمیان، دواى چەند ڕۆژێک لە ڕاگرتنى هاتووچۆ، جوڵە تێیدا ئاسایى بووەوە و لەگەڵ کرانەوەیشى ٢٠٠ بارهەڵگر لە خۆراک و کەلوپەل و پێداویستیى دیکە هاتە ناو هەرێمى کوردستانەوە.
ئێستا لە هەریەک لە دەروازەکانى باشماخ و سەیرانبەرن لە پارێزگاى سلێمانى، شووشمىَ لە پارێزگاى هەڵەبجە، پەروێزخان لە ئیدارەى گەرمیان جوڵەى گەشتیارى و بازرگانى لەگەڵ ئێران ئاساییە، سبەینێ لە حاجى ئۆمەرانیش دەست پێ دەکاتەوە، تەنیا لە دەروازەکانى پشتە لە گەرمیان و کێلێ لە ئیدارەى ڕاپەڕین هاتووچۆ ئاسایى نەبووەتەوە.